په‌يامێك له‌ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌‏

به‌وپه‌ڕى په‌رۆشى و نيگه‌رانييه‌وه‌ له‌ پێشهاته‌ سياسييه‌كانى عێراق ده‌ڕوانين كه تا ‏دێت ‌به‌ ئاراسته‌ى په‌رته‌وازه‌يى و قووڵتربوونه‌وه‌ى زياترى قه‌يرانه‌كان و ‏دووركه‌وتنه‌وه‌ى ئاسۆى چاره‌سه‌ردا ده‌ڕۆن. دۆخه‌كه‌‌ وا خه‌ريكه‌ داهاتووى وڵات و ‏ئاشتيى كۆمه‌ڵايه‌تى ده‌خاته‌ مه‌ترسييه‌كى جدييه‌وه‌ و كۆى پرۆسه‌ى سياسى و ‏حوكمڕانى و دامه‌زراوه‌كان په‌كده‌خات. ‏

خۆپيشاندانى مه‌ده‌نيى ئاشتيانه‌، مافێكى ڕه‌وا و ده‌ستووريى پارێزرا‌وه‌، به‌ڵام ‏په‌كخستنى دامه‌زراوه‌ى دادوه‌رى دۆخه‌كه‌ ئاڵۆزتر ده‌كات، بۆيه‌ داوا له‌ هه‌موو ‏لايه‌نه‌كان و له‌ خۆپيشانده‌ران ده‌كه‌ين دامه‌زراوه‌كان و ئاشتيى كۆمه‌ڵايه‌تى بپارێزن ‏و له‌ ڕه‌وتى ئاشتييانه ‌و مه‌ده‌نى دوور نه‌كه‌ونه‌وه‌. وڵات چيتر به‌رگه‌ى ئه‌م هه‌موو ‏قه‌يرانه‌ سه‌خت و بارگرژييه‌ ‌ناگرێت و درێژه‌كێشانى زياترى ئاڵۆزى، دواجار به‌ ‏زيانى ته‌واوى گه‌لى عێراق ته‌واو ده‌بێت.‏

ئێمه ‌له‌ هه‌رێمى كوردستان جارێكى ديكه جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ وه‌ك هه‌ميشه‌ ‏به‌شێكين له‌ چاره‌سه‌ر و هه‌موو هاوكارييه‌ك ده‌كه‌ين بۆ لێكگه‌يشتن و پێكهاتنى ‏لايه‌نه‌ عێراقييه‌كان. وڵات پێويستى به‌ گفتوگۆيه‌كى جدديى نيشتمانى و ‏به‌رپرسيارانه‌ى لايه‌نه‌ سياسييه‌كانه‌ بۆ دۆزينه‌وه‌ى چاره‌سه‌ر له‌سه‌ر بنه‌ماى ‏ده‌ستوور، هه‌ر ئه‌وه‌ش‌ ‌تاكه ڕێگه‌ى دروسته‌ بۆ ده‌رچوون له‌ قه‌يران و بنبه‌ستى ‏سياسى و گه‌ياندنى وڵات به‌ كه‌نارى ئارامى. ‏

نێچيرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

‏2022/8/23‏