سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە پارێزگاری ئازه‌ربایجانی غەربی دەكات

نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 23/8/2022 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی ‏كوردستان، پێشوازی لە بەڕێز محەمەد سادق موعتەمدیان پارێزگاری ئازه‌ربایجانی ‏غه‌ربيى كۆماری ئیسلامیی ئێران و شاندێكی یاوەری كرد.‏

لە دیدارێكدا پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران، ‏ئاسانكاری و هەماهەنگیی زیاتر بۆ پەیوەندیى ئابوورى و ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ‏هەردوولا و هاتوچۆی زیارەتكارانی شوێنە ئاینییەكان و گەشتیارانى ئێران بۆ عێراق ‏لە دەروازە سنوورییەكانى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌، تاوتوێ كران.‏

شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان بە سەردانی هەرێمی كوردستان و دەرفەتی دیدار ‏لەگەڵ سەرۆك نێچیرڤان بارزانی نیشان دا و دووپاتیان كردەوە كە بۆ زیاتر ‏بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە بازرگانییەكان، هەموو هەوڵێك دەدەن و هه‌موو ‏ئاسانكارييه‌ك پێشكه‌ش ده‌كه‌ن.‏

لای خۆیەوە سەرۆك نێچیرڤان بارزانی تیشكی خستە سەر پەیوەندییە دێرینەكانی ‏نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەموو بوارەكاندا و جەختی ‏لە بەرەوپێشبردنی زياترى پەیوەندییەكان كردەوە، هه‌روه‌ها دیدی هەرێمی ‏كوردستانی لەمبارەیەوە خستە ڕوو كە لە بوارە جیاوازەكاندا خوازيارى‌ باشترین ‏پەیوەندی و هاوكاری و هاریكارييه‌ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ.‏

تاوتوێكردنی دۆخی سیاسیی ناوچەكە بەگشتی و چەند بابەتێكی جێی بایەخی ‏هاوبەش، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو كە بەڕێزان پارێزگاری هەولێر، سەرپەرشتیاری ‏ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و سه‌رکونسولی گشتیی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر ئامادەی ‏بوون.‏