هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

سەرۆکی حکومەت پێشوازیی لە هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح دەکات

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 14ی ئاب مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان،  پێشوازیی لە هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح کرد.

لە دانیشتنەکەدا دوا رەوشی عێراق و پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا گفتوگۆی لەسەر کرا.

سەرۆکی ھاوپەیمانیی فەتح ئاماژەی بەوەدا کە هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتیەکەی رۆڵێکی کارایان لە هاوکێشە سیاسییەکانی عێراقدا هەیە، بۆیە پێویستە هەموو لایەنەکان و پێکهاتەکانی عێراق رێگەی گفتوگۆ بگرنەبەر  و هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە تاکو عێراق لەو دۆخە مەترسیدارە رزگار بکەن.

سەرۆکی حکومەتی هەرێم، پاڵپشتیی حکومەتی هەرێمی بۆ هەموو جۆرە دانوستان و گفتوگۆیەک دەربڕی کە لە سەر بنەمای یەکترقبوڵکردن و بەهێز کردنی متمانەی نێوان گشت پێکهاتەکانی عێراق بێت. هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە پێکهاتەکانی عێراق زۆر بەرژەوەندیی هاوبەشیان هەیە کە دەکرێت ببنە بنەمای لەیەکتر نزیکبوونەوە و چارەسەری کێشەکان.

سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە کە جێبەجێ کردنی دەستور لە بەرژەوەندیی هەموو پێکهاتەکانە و عێراق دەخاتە سەر راستەڕێی پێشکەوتن و بووژانەوە.