نەجات حەسەن، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاریی کۆنگرەی ١٤ی پارتی: بە میکانیزمێکی گونجاو بەم نزیکانە دەست دەکرێت بە هەڵبژاردنی نوێنەرانی کۆنگرە

پارتی دیموکراتی کوردستان کە ٧٦ ساڵ تەمەنیەتی، تا ئێستا ١٣ کۆنگرەی بەستووە و ئامادەکاری دەکات بۆ بەستنی کۆنگرەی ١٤، بە گوتەی ئەندامانی لیژنەی ئامادەکاری، لە سەرەتای مانگی ١١ کۆنگرە دەبەستین. جێگری سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەکەش، دەڵێ: “سەرۆک بارزانی پێداگرە لەسەر گرتنی کۆنگرە و زۆر بە وردی چاودێریمان دەکات، بۆیە لە ئایندەیەکی نزیکدا ھەموو لیژنەکانی تایبەت بە ئامادەکارییەکانی کۆنگرە لە ھەموو ناوچەکان دەستبەکار دەبن و دەست دەکرێت بە ھەڵبژاردنی نوێنەرانی کۆنگرە.

لیژنەی ئامادەکاری بەستنی کۆنگرە ٢١ کەسە، لە سەرەتای ئامادەکارییەکانن، دەبێت بۆ کۆتایی مانگی ئۆکتۆبەر ھەموو ئامادەکارییەکان تەواو بکەن، کۆنگرەکە ٨٠٠ ئەندامی دەبێت و ٢٥%ی ئەندامانی کۆنگرەکە ئافرەت دەبن، ئەوانەی بەبێ ھەڵبژاردن دێنە کۆنگرە، ئەندامانی سەرکردایەتی و ئەندامی مەکتەبی سیاسی، لەگەڵ ئەندامانی ئەو لیژنەی ئامادەکاری بۆ کۆنگرە دەکەن.
دوایین کۆنگرەی پارتی لە ٢٠١٠ کرا، بەپێی پێڕەوی ناوخۆی حیزب دەبووایە لە ٢٠١٤دا کۆنگرەی ١٤ بکات، ھۆکارەکەشی دەگەڕێننەوە بۆ شەڕی داعش و قەیرانە سیاسی و ئابوورییەکانی ھەرێمی کوردستان، ئێستا ھەوڵەکان چڕبوونەتەوە بۆ بەستنی ئەو کۆنگرەیە،ڕێنوێنییەکان دراون بە لیژنەی ئامادەکاری کە بە چ شێوەیەک ھەڵبژاردنەکان بەڕێوەببەن، ئەم ھەڵبژاردنە بە شێوەیەکی دیموکراسی لە ھەموو لق و ئۆرگانەکان دەکرێت”.
کۆنگرەی ١٤ زیاتر لە ٨٠٠ ئەندامی دەبێت، جگە لە ئەندامانی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی و لیژنەی ئامادەکاریی کۆنگرە، ئەوانی دیکە سەرجەمیان بە ھەڵبژاردن دەچنە ناو کۆنگرەوە، واتە نە وەزیر و نە ئەندام پەرلەمان و ھیچ کەسێک بەبێ ھەڵبژاردن ناتوانێت بێتە ناو کۆنگرەی ١٤ی پارتی، تەنانەت ئەو بەرپرسی لقانەش، کە ئەندامی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی نین”.
٨ـی ئایاری ٢٠٢٢، مەحموود محەمەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا باسی لە کۆنگرەکەی کرد و گوتی، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی بڕیاری لەبارەی بەستنی کۆنگرەی ١٤ـەوە داوە و گوتیشی: “بۆ بەستنی کۆنگرەی ١٤، دەسەڵات درا بە مەکتەبی سیاسی بۆپێکھێنانی لیژنەکان بۆ ئامادەکاری و رێکارەکان دەست پێ دەکەن و ئەوپەڕی تاوەکو مانگی ١٠ یان ١١ کۆنگرە دەبەستین”.
پارتی دیموکراتی کوردستان بە گوێرەی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان، گەورەترین پارتی ھەرێمی کوردستانە و خاوەنی زۆرترین کورسیی پەرلەمانییە، لە پەرلەمانی عێراق ٣١ کورسی ھەیە و لە پەرلەمانی کوردستانیش لە ١١١ کورسی خاوەنی ٤٥ کورسییە.
پارتی لە تەمەنی ٧٦ ساڵەی خۆیدا تا ئێستا ١٣ کۆنگرەی بەستووە و ئێستا ئامادەکاری دەکات بۆ بەستنی کۆنگرەی ١٤، لەسەر ئاستی عێراق و ھەرێمی کوردستان، ڕۆڵێکی بەھێزی لە پرۆسەی سیاسی ھەیە و خاوەنی زۆرترین جەماوەریشە، پارتی لە کۆنگرەکان دەرفەتی بە گەنج و ئافرەت داوە، بۆ ئەوەی بێنە پێشەوە و رۆڵ ببینن لە بەرەو پێشوەچوونی ئەو حزبە.
نەجات حەسەن، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاریی کۆنگرەی ١٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ “ھەولێر” گوتی:” لیژنەیەکی باڵا بۆ ھەڵبژاردنی کۆنگرەی ١٤ پێک ھاتووە، ئەو لیژنەیە بە بڕیاری مەکتەبی سیاسی دامەزراوە، کە ژمارەیان ١٩ ئەندامە و دوو ئەندامیشیان لە لقی ٦ی ئەورووپا و لقی ٧ی ئەمریکان کە تێکڕا دەکاتە ٢١ ئەندام، ئەوانیش دابەش کراون بەسەر پێنج پارێزگای ھەولێر، سلێمانی، دھۆک، کەرکووک و مووسڵ، لیژنەکە دەستی بە کۆبوونەوەکانی خۆی کردووە، ئەوڕێوشوێنانەی کە پێویستە بۆ سەرخستنی پڕۆسەکە جێبەجێ کراون، نەخشەڕێگایەک دانراوەبۆ ھەلسوکەوتی لیژنەکە، ھەروەھا دەسنیشانکردنی میکانیزمێکی باش بۆ ھەڵبژاردنی نوێنەرەکانی کۆنگرەی ١٤، کە لیژنەکەمان راستەوخۆ لەژێر چاودێری و ئامۆژگاریی سەرۆک بارزانی ئەرکەکانی جێبەجێ دەکات بە ھەماھەنگی لەگەڵ مەکتەبی سیاسی.
جێگری سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی ١٤ی پارتی، دەشڵێ: “سەرۆک بارزانی پێداگرە لەسەر گرتنی کۆنگرە و زۆر بە وردی چاودێریمان دەکات، بۆیە لە ئایندەیەکی نزیکدا ھەموو لیژنەکانی تایبەت بە ئامادەکارییەکانی کۆنگرە لە ھەموو ناوچەکان دەستبەکار دەبن و دەست دەکرێت بە ھەڵبژاردنی نوێنەرانی کۆنگرەی چواردە.
نەجات حەسەن، گوتیشی: “سیستەمی ھەڵبژاردن بۆ کۆنگرە سەرکردایەتی دەنگ دەدات، ئەندامانی حزب دەنگ دەدەن بەوەش نوێنەرەکانی خۆیان ھەڵدەبژێرن، بۆیە نەخشە رێگای ئەو بابەتەمان داڕشتووە، ھەموو شتێک لە بەرچاو گیراوە و بەم نزیکانە دەست بە پرۆسەکە دەکرێت”.

مێژووی کۆنگرەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان:
کۆنگرەییەکەم
١٦-٨-١٩٤٦بە نھێنی لە شاری بەغدا لە ماڵی سەعید فەھیم بەسترا و تێیدا نزیکەی ٧٠ ئەندام بەشدار بوون.
کۆنگرەی دووەم
لە مانگی ئاداری ساڵی (١٩٥١) لە شاری بەغدا لە ماڵی عەلی حەمدی بەسترا، تێیدا نزیکەی ٣٠ نوێنەری نوێنەری لق و ناوچەکان بەشداربوون.
کۆنگرەی سێیەم
٢٦-١-١٩٥٣لە شاری کەرکووک بە ئامادەبوونی نزیکەی (٣٥-٤٠) نوێنەر بەسترا.
کۆنگرەی چوارەم
٤ – ٧-١٠-١٩٥٩لە شاری بەغدا لە ماڵی کاکە زیاد بە سەرپەرشتیی مستەفا بارزانی بەسترا.
کۆنگرەی پێنجەم
مانگی ئایاری ساڵی ١٩٦٠، لە بارەگای ئەوکاتی حیزبەکە لە شاری بەغدا بەسترا.
کۆنگرەی شەشەم
لە سەرەتای مانگی تەمووزی ساڵی ١٩٦٤ لە قەڵادزێ بەسترا.
کۆنگرەی حەوتەم
لە ١٥-١١-١٩٦٦ لە گەڵاڵە بەسترا.
کۆنگرەی ھەشتەم
لە ١-٧-١٩٧٠ لە ناوپردان بە ئامادەبونی ٤٨٨ ئەندام بەسترا.
کۆنگرەی نۆیەم
لە ٤-١٠-١٩٧٩ لە زێوەی دەڤەری مەرگەوەڕ بەسترا، تێیدا بە تێکرای دەنگ سەرۆک مەسعود بارزانی بە ‌سەرۆکی پارتی ھەڵبژێردرا.
کۆنگرەی دەیەم
لە ٢-١٢-١٢-١٩٨٩ لە مەرگەوەڕ بە بەشداریی (٣٣٢) نوێنەر بەسترا.
کۆنگرەییانزەیەم
ساڵی ١٩٩٣ بەبەشداری ٢١٦٧ ئەندام لە ھەولێر بەسترا.
کۆنگرەی دووانزەیەم
٦-١٤-١٠-١٩٩٩بە بەشداری ١٤٧٣ ئەندام لە ھەولێر بەسترا.
کۆنگرەی سیانزەیەم
١١-١٨-١٢ی ٢٠١٠ بەبەشداریی زیاتر لە ١٥٠٠ ئەندام لە ھەولێر بەسترا.

ھەواڵی زیاتر