شنگال بووەتە مەکۆی گرووپی میلیشیا و مەیدانی تەڕاتێنی کۆمەڵێک هێز و وڵاتی جیاواز

ئەمڕۆ سێی ئاب هەشت ساڵ بەسەر جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان لە لایەن رێکخراوی تیرۆریستی داعش تێدەپەرێت. ئەو پێکهاتە رەسەنە کوردییە لە پێش چاوی جیهانییان هەوڵی لەناوبردنی یەکجارەکییان درا و بەهۆیەوە سەدان هەزار کەسیان ئاوارە بوون و بەهەزارانی تریان رفێندران و کۆمەڵکوژ کران. دوای هەشت ساڵ لەو رووداوە نەک برینی ئەو پێکهاتەیە ساڕێژ نەبۆتەوە و کەسوکاری قوربانییان قەرەبوو نەکراونەتەوە، بگرە نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و بە هەزارانیشیان هێشتا بێسەروشوێنن.

شەوی نۆ لەسەر١٠ی مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤ تیرۆریستانی داعش توانیان دووەم گەورەترین شاری عێراق کۆنترۆڵ بکەن و لە ماوەیەکی زۆر کورتدا دەوڵەت رابگەیەنن و دژەمرۆڤانەترین یاساکان جێبەجێ بکەن. کەمتر لە دوو مانگ دوای ئەو رووداوە لە سێی ئاب ئاراستەی هێرشەکانیان بەرەو کوردستان وەرسووڕاند و روویان لە ناوچەکانی باکوور و باکوری رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی پارێزگای نەینەوا کرد کە ئێزدییەکانی تێدا نیشتەجێن و داعش بە پاساوی ئەوەی ئایینەکەیان ئیسلام نییە، بڕیاری کۆمەڵکوژکردنی ئەو پێکهاتەیەیان دا.
بە سەدان هەزار ئێزدی ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێهێشت و روویان لە هەرێمی کوردستان کرد و بەشێکیشیان روویان لە چیاکان کرد و بەشێکی تریشیان هیچ دەرەتانیان نەبوو و تیرۆریستانی داعش دەستگیری کردن و بە کۆمەڵ بۆ شوێنی نادیاری گواستنەوە. دەگوترێ هەر لە رۆژانی یەکەمی ئەو هێرشە ژمارەیەکی زۆر لە ئێزدییەکان بە تایبەتی بەساڵاچووەکانیان کۆمەڵکوژ کران. ئێزدییەکان کە زۆرلێکراوترین نەتەوە و پێکهاتەی ناوچەکە بوون هێشتا بە هەزارانیان بێ سەروشوێنن و نەیانتوانیوە بۆ شوێنی سەرەکی ژیانیان بگەڕێنەوە و وەک جاران شوێنە پیرۆزەکانیان ئاوەدان بکەنەوە.
دوای هەشت ساڵ لەم رووداوە شنگال بووەتە مەکۆی چەندین میلیشیا و مەیدانی تەڕاتێنی کۆمەڵێک هێز و وڵاتی جیاواز وئاسایش و ئاوەدانی بۆ ناوچەکە نەگەڕاوەتەوە.
پێشمەرگە کە رۆڵێکی زۆر کاریگەریی لە رزگارکردنی شنگال و مووسڵ و ناوچەکانی تردا هەبوو بەهۆی رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر نەیتوانیوە بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە و سەرەڕای ئەوەی کە لەگەڵ حکوومەتی عێراق رێککەوتننامەی شنگالیان واژۆ کردووە بەڵام لەبەر باڵادەستبوونی حەشدی شەعبی و میلیشیاکان رێککەوتنەکە تەنیا لەسەر کاغەز ماوەتەوە.
بەپێی رێککەوتنەکەی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی عێراق هیچ هێزێکی چەکدار لە شنگال نامێنێت و دەبێت هێزە چەکدارەکان بە دووریی پێنج کیلۆمەتر لە دەرەوەی گوندەکانی دەوروبەری شنگال جێگیر ببن، هاوکات پەڕاوی ئەمنیی شارەکە رادەستی پۆلیسی نێوخۆیی دەکرێت. چاوەڕوانی ئەوە لە حکوومەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکرا هەرچی زووە دۆخی ژیانی ئیزدییەکان ئاسایی بکاتەوە، بەڵام ئەوانە هێشتا زۆربەیان لە ناو کەمپەکاندا دەژین و ژمارەیەکی زۆریشیان ئاوارەی وڵاتان بوون.
بەپێی ئامارەکان، ساڵی ٢٠١٤ کاتێک داعش هێرشی کردە سەر شنگال، شەش هەزار و ٤١٧ ئێزدی لە لایەن داعشەوە بە بارمتە گیران. لەو ژمارەیە نزیکەی نیوەیان بەهۆی هەولەکانی هەرێمی کوردستان رزگار کراون بەڵام هێشتا چارەنووسی هەزارانیان نادیارە.
جگە لەمە سەرووی ٧٠ گۆڕی بە کۆمەڵ لەو ناوچەیە دۆزراونەتەوە کە بەشێکیان تاوەکو ئێستا هەڵنەدراونەوە و بوونی ئەو ژمارە زۆرەی گۆڕی بەکۆمەڵ دەرخەری ئەو راستییەیە کە تاوانی جینۆسیاد دژی ئەوان ئەنجام دراوە. چەکدارانی داعش هەموو ئەو پەرستگە و شوێنە ئاینییانەشیان لەناو برد کە هیی ئیزدییەکان بوون و هەوڵیان دا جگە لەو پێکهاتەیە، ئایینەکەشیان لەناو ببەن، هەر بەو هۆیەوە دەیان پەرستگە و شوێنی پیرۆزی ئیزدییەکان وێران کران و تەقێندرانەوە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان چ لە رێگەی رێکخراوەکان و چ لە رێگەی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان هەوڵی داوە بەڵگەی پێویست بۆ تاوانی جینۆسایدی ئیزدییەکان بدۆزێتەوە بەڵام دوای ئەوەی حەشدی شەعبی بەشێک لە ناوچە کوردستانییەکان و لەوانەش شنگالی داگیر کرد ئیزدییەکان نەک خۆیان ناتوانن بگەرێنەوە زێدی خۆیان بگرە ناتوانن بە ئاسانی لە چارەنووسی بێسەروشوێێنەکانیشیان بکۆڵنەوە.
لە ئاستی نێودەوڵەتیش بە هۆی ئەوەی کە عێراق لە دادگای نێودەوڵەتی تاوانەکان ئەندام نییە، دۆسیەکە لە دادگای لاهای وەرناگیرێت و حکوومەتی عێراق سەرەڕای ئەوەی کە بە قسە پشتگیری کردوون بەڵام بە پراکتیک نایەوێت دۆسیەکە بەرەو پێش بچێت.
لە سێی ئابی ساڵی ٢٠١٩ پەرلەمانی کوردستان سێی ئابی بە رۆژی جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان هەژمار کرد و بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژەکە پەسند کرا، ئامانجی هەرێمی کوردستان ئەوەیە هەموو هەوڵێک بدات بۆ ئەوەی قەرەبووی زیانلێکەوتووانیان بداتەوە و رێز لە قوربانییەکانیان بگرێت.
ئەمساڵ لە کاتێکدا یادی جینۆسایدی ئێزدییەکان دەکرێتەوە کە دۆخێکی نالەباری سیاسی بەسەر عێراقدا زاڵە و عێراق دوای نزیکەی ١٠ مانگ لە هەڵبژاردن نەیتوانیوە حکوومەت پێکبهێنێت و چارەنووسی وڵات گەیشتووەتە تونێلێکی تاریک و جگە لە کورد کەس بیر لە مافی ئێزدییەکان ناکاتەوە.

ھەواڵی زیاتر