هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

وه‌زیری په‌روه‌رده‌: پێویست ناكات وه‌ڵامی ئه‌و كه‌سه‌ بده‌مه‌وه‌ روونكردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر قسه‌كانی خۆی دا

ئالان حه‌مه‌ سه‌عید، وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، رێكاره‌كانی كه‌مكردنه‌وه‌ی گزیكردنی په‌یڕه‌و كراوه‌ و به‌راورد به‌ ساڵی پار كه‌ 500 حاڵه‌تی گزیكردن تۆماركراوه‌، 111 حاڵه‌تی ئه‌مساڵ نیشانه‌ی كه‌مبوونه‌وه‌ی حاڵه‌ته‌كه‌ و كۆنترۆڵكردنیه‌تی.

وه‌زیری په‌روه‌رده‌ له‌باره‌ی لێدوانی كه‌سێك، كه‌ باسی كڕینی پرسیاری تاقیكردنه‌وه‌كان و كه‌لوپه‌لی گزیكردنی كردووه‌، گوتی: ئه‌و كه‌سه‌ خۆی لێدانێكی له‌و باره‌یه‌وه‌ داوه‌ و دواتر هه‌ر خۆی به‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ دابوو، كه‌ هه‌وڵه‌كه‌ یه‌كێك بووه‌ له‌و 111 حاڵه‌ته‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ رێكاری به‌رامبه‌ر گرتووه‌ته‌به‌ر.

گوتیشی: نازانم ئه‌و جۆره‌ لێدوانه‌ی بۆچی بوو؟ روونكردنه‌وه‌كه‌شی بۆچی بوو؟،به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا مادام خۆی دانی به‌وه‌ناوه‌ كه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌و باسی ده‌كات، له‌ كۆی ئه‌و 111 حاڵه‌ته‌یه‌‌، زیاتر قسه‌ی له‌باره‌وه‌ ناكه‌ین.

ئالان حه‌مه‌ سه‌عید روونیكرده‌وه‌، دیارده‌ی گزیكردنی هه‌ر له‌ هه‌رێمی كوردستاندا نییه‌، به‌ڵكو هه‌موو وڵاتێك هه‌یه‌ و ئه‌ركی ئێمه‌یه‌ ئه‌و دیارده‌یه‌ نه‌هڵێن، ئه‌مه‌ش به‌دوو شێواز رووبه‌ڕووی ده‌بینه‌وه‌، شێوازێكیان رێگه‌نه‌دانه‌ قوتابی ئه‌و كاره‌ بكات.

روونیشكرده‌وه‌، بۆ كۆنترۆڵكردن و رێگه‌نه‌دان به‌ گزیكردن، هه‌ر قه‌ده‌غه‌كردنی كه‌لوپه‌له‌كان نییه‌، به‌ڵكو رێگه‌ی دووه‌م ئه‌وه‌یه‌، ده‌بێت متمانه‌ لای قوتابی درووست بكه‌ین، كه‌ هه‌وڵی گزیكردن نه‌دات و بۆ خۆی كۆشش بكات و بخوێنێت.

وه‌زیری په‌روه‌رده‌ ئاشكرایكرد، به‌راورد به‌ ساڵی پار، رێكاره‌كانمان بۆ رێگریكردن له‌ گزی سه‌ركه‌وتوو بووه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ساڵی پار 500 حاڵه‌تی گزیكردن تۆماركراوه‌، به‌ڵام ئه‌مساڵ 111 حاڵه‌ت بووه‌.

راشیگه‌یاند، پرۆسه‌كه‌ جێگه‌ی ره‌زامه‌ندی خه‌ڵك و دایك و باوكانی قوتابی بووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نه‌ خۆده‌رخستن، نه‌ تێكدانی ده‌روونی قوتابی، چاره‌سه‌ری گزی ناكات، ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ كردوویه‌تی، به‌ پۆستێكی سۆشیال میدیا به‌هاكه‌ی له‌ ده‌ست نادات.