سەرۆکی دەستەی دەسپاکی لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا، 72 بەرپرسی پلە باڵا، لەسەر دۆسیەکانی گەندەڵی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە، لە شەش مانگی رابردووشدا 799 دۆسیە لە دەستەکەیان تۆمارکراوە و لێکۆڵینەوەیان تێدا دەکرێت.
ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەسپاکی لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە (دووی ئابی 2022) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی “لە ساڵانی 2017 بۆ 2022 دا لەلایەن دادوەرانی لێکۆڵینەوەی دەسپاکییەوە، وەک تۆمەتبار لێکۆڵینەوەی لە دۆسیەکانی 72 بەرپرسی پلە باڵا و پلە تایبەت کراوە، کە پێکهاتوون لە شەش وەزیر، یەک سەرۆکی دەستە، شەش بریکاری وەزیر، یەک پەرلەمانتار، پێنج راوێژکار، 34 بەڕێوەبەری گشتی، یەک پارێزگار، پێنج قایمقام، چوار سەرۆکی فەرمانگە و هەشت ئەندامی ئەنجوومەن”.
دەستەی دەسپاكی لە هەرێمی كوردستان، دەستەیەكی سەربەخۆیە، ئەركی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییە و لەژێر چاودێری پەرلەمانی کوردستاندا و بە گوێرەی یاسای ژمارە سێی ساڵی 2011 کارەکانی رێکخراوە.
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی سەرۆکی دەستەی دەسپاکی خستییەڕوو، لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا، 799 دۆسیە لە دەستەکەیان تۆمارکراون، هەروەها 138 دۆسیە لە دەستەکەیانەوە رەوانەی دادگاکان کراون، هەر لەمساڵیشدا 40 دۆسیەی دەستەی دەسپاکی، لە دادگاکان بڕیاریان لەسەر دراوە.
بە بڕوای ئەحمەد ئەنوەر، بەشێک لەو سزایانەی لەسەر دۆسییەکانی گەندەڵی لە دادگاکان دەرکراون، سزای سوکن و بە پێویستی دەزانێت، سزاکان توندتر بن، بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی.
هەر لە کۆنفرانسە رۆژنامەنووسیەکەیدا، سەرۆکی دەستەی دەسپاکی باسی لەوەکرد، “زیاتر لە چوار ساڵە داوای تەرخانکردنی دادگایەک دەکەین، بۆ دۆسییەکانی گەندەڵی و جیاکردنەوەیان لە دۆسییەکانی دیکە، بڕیاریشدراوە لەسەر ئاستی سەرۆکایەتی دادگاکانی تێهەڵچوونەوە، دادگا دیاریبکرێت بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر دۆسیەکانی گەندەڵی.
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی گوتی: “ساڵی رابردوو ئەنجومەنی دادوەری بڕیاریدا داگایەکی تایبەت بە کەیسی گەندەڵی بکرێتەوە، ئەمساڵ بە نووسراوی فەرمی داوامان لێکردن بڕیارەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام بەداخەوە ئەوان بڕیارەکەیان هەڵوەشاندەوە، بڕیارێکی دیکەیان داوە ئەگەر ئەویش جێبەجێ بکرێت باشە، بڕیارەکە ئەوەیە لە هەر سەرۆکایەتییەکی دادگای تێهەڵچوونەوەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دادگایەکی تەرخان بکرێت، ئێمە چاوەڕێی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەین”.
گوتیشی: “ساڵانە 100 تا 150 کەیسی گەندەڵی رەوانەی دادگاکان دەکەین، پێشبینی دەکەین بۆ ئەمساڵ زیاتر لە 200 کەیسی گەندەڵی رەوانەی دادگاکان بکرێت”.
ئامانجی دەستەی دەسپاکی لە هەرێمی کوردستان ئەوەیە، سەروەری یاسا بچەسپێندرێت و گەندەڵی بنبڕبکرێت، لە بەرامبەردا شەفافیەت لە کارکردندا زیاتر بێت.