ڕوونکردنەوەیەک لە لیژنەی باڵای ئەزمونەکانەوە

وەک پێشتر ئێمە رامانگەیاندبوو کە (١١١) حاڵەتی هەوڵی گزیکردن لەکاتی تاقیکردنەوەکان تۆمارکراوە کە رێکاری پێویستیان بەرامبەر گیراوەتە بەر ، هاووڵاتییەک دوێنێ شەو هەندێک قسەی کردوە لەسەر بابەتی گزیکردن ، ئێمە وەک لیژنەی باڵا لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیشدا ئاماژەمان پێدا کە لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان بابەتی فرۆشتنی بلوتوث هەیە و قوتابیانی پێ فریو دەدرێت ، وەک خۆشی روونکردنەوەی داوە ئەوەی کە باسی دەکات لە چوارچێوەی ئەو (١١١) حاڵەتەیە کە ئێمە کۆنترۆڵمان کردوە . وەزارەت هەماهەنگی هەبووە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و بەسەرکەوتووی توانیویەتی کۆنترۆڵی ئەو بابەتە بکات . لەسەر بەکارهێنانی نامەی مۆبایل بۆ گزیکردن کە لەسەرەتادا بەهۆی کەمتەرخەمی لە پشکنین لەچەند هۆڵێکی دیاریکراوی تاقیکردنەوە مۆبایل براوەتە ژوورەوە ، ئەوەی ناوبراو ئاماژەی پێدەدات لەلایەن وەزارەت بەهەماهەنگی هێزەکانی ئاسایش کۆنترۆڵ کراوە و بەکارهێنەرانیشی کە ژمارەیان زۆر کەم بووە و لەناو تاقیکردنەوە ئەو کارەیان کردوە بەمەبەستی سوودی شەخسی خۆیان ، ئەنجامەکەیان بە گزیی بۆ هەژمارکراوە، لایەنە ئەمنییەکان کە ژمارەی ئەو سیمکارتانەمان داونەتێ وردەکاریی و تەنانەت فۆرمی ژمارەکەشیان بۆ ناردوینەتەوە و ئاسایش کاری پێویستی لەسەر کردوە و دۆسیەکەیان ڕەوانەی پۆلیس و پاشان دادگاش کردووە ، تیمی تایبەتی لە لایەن بەرێزان لە ئاسایش هەبووە ، بەناوکردن و نەکردنی سیمکارتەکە رێگر نەبوە کە کاری پێویست ئەنجامبدرێت ( ئەم وردەکارییەک ئێمە نامانەوێت باسی بکەین ) و بەکەمتر لە دوو کاتژمێر دەستگیرکران و پاش لێکۆڵینەوە ڕەوانەی پۆلیس و پاشان دادگا کراون . لیژنەی باڵا بەووردی هەموو رێکارەکانی گرتۆتەبەر بەهەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان کە بۆ ئەوەی دادپەروەری جێبەجێ بێت و بەکارهێنەرە نایاساییەکان رووبەرووی دادگا بکرێنەوە کە روبەرووش کراونەتەوە ، تەنانەت ئەگەر لە هۆڵێکیش کەمتەرخەمی کرابێت و (دوایی تاقیکردنەوەش) وێنەی پرسیارێک گیرابێت سزای کارگێریی هەموو بەرێوەبەر و یاریدەدەر و چاودێرانەشمان داوە کە کەمتەرخەم بوون .
پاکی و باش بەڕێوەچونی پرۆسەکە جێگەی خۆشحالی ئەزموندەران و خانەوادەکانیان بووە تاقیکردنەوەکانی ئەمساڵ نموونەیی باشی بوون لەچاو هەموو تاقیکردنەوەکانی دیکە، قسەکردنی نابەرپرسانە رەتدەکەینەوە کە کاریگەریی لەسەر دەروونی قوتابیان و خوێندکاران هەبێت .
هەوڵی گزیکردن لەناو یان لە کاتی تاقیکردنەوە هەیە بەڵام گرنگ کۆنترۆڵکردنی هەوڵی گزییەکەیە بۆ بەدیهێنای دادپەروەری و ئەمەش بەڵگەکانە بەوەی کە ئەو کەسەش ئاماژەی پێداوە کە خۆشی دەڵێت ئەوەی من باسی دەکەم لە چوارچێوەی ئەو حاڵەتەیە کە وەزارەت کۆنترۆڵی کردوە ، بەڵام ئێمە ئەم رێکارە وردانەی کە کردومانە بەئەرکمان زانیوە و منەتمان لەسەر کەس نەکردوە تا باسی هەموو هەوڵەکان و وردەکارییەکان بکەین .

لیژنەی باڵای ئەزمونەکان لە وەزارەتی پەروەردە
۳۱ی۷ی۲۰۲۲

ھەواڵی زیاتر