ئەوانەی گوندەكانیان چۆل كردبوو، بە هاندانی حکوومەت دەگەڕێنەوە گوندەکانیان

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکوەزیرانی کوردستان، پلانی تایبەتی ھەبووە بۆ پەرەپێدانی بەرھەمی کشتوکاڵ و ھاوکاریی جووتیاران و دۆزینەوەی بازاڕی دەرەوە بۆ بەرھەمی کشتوکاڵی، داوا دەکات گوندنشینانی شارەکان بڕۆنەوە گوندەکانیان و کاری کشتوکاڵی بکەن و حکوومەت پشتیوانیان دەبێت.

لە ماوەی سێ ساڵی کابینەی نۆیەم لە ھەموو کەرتەکان خزمەتێکی بەرچاو بە خەڵکی کوردستان کراوە، بەتایبەتی لە کەرتی کشتوکاڵ لەو سێ ساڵەدا ٢١٧٣ پڕۆژە و ٣٠ ھەزار خانووی پلاستیکی و ١٤ ھەزار و ٩٣٠ ھەلی کار بۆ جووتیاران ڕەخسێنراون، لەگەڵ ٧ کارگەی بەرھەمھێنانی زەیتوون، ١١ پرۆژەی بەرھەمھێنانی قارچک، ٣ سایلۆ، ١٣٠ ساردخانە و ١٩ کۆگا.
لە کابینەی نۆیەمدا سێ یاسای گرنگ دەرچوونە، لەوانە یاساکانی سەرپەرشتیارانی پڕۆژە کشتوکاڵییەکان، یاسای بەرھەمھێنان و ھاوردەکردنی بنەتۆو، یاسای پاراستنی ئاو، کە نزیکەی ٥٠٠٠ ھەلی کاری ڕەخساندووە.
کابینەی نۆیەم زیاتر ئاوڕی لە گوند و ئاواییەکان داوەتەوە، ئەوەش وای کردووە خەڵک ئاسوودە بێت و گوندەکان ئاوەدان بکەنەوە و دەست بە کاری کشتوکاڵی و ئاژەڵداری بکەن، ھەر ئەوەش وای کردووە بەرھەمی جووتیاران زیاد بکات، توانیویەتی کۆمەڵێک سایلۆ دروست بکات، گرنگی بە گەنم و بەرھەمی جووتیاران بدات، ئەوەش وای کردووە ژێرخانی ئابووری ببووژێتەوە.
لە کابینەی نۆیەم نرخی یەک تۆن گەنمی جووتیاران بەرزبوویەوە، لەگەڵ ئەوەی لە کاتی ڕادەستکردنی گەنمەکە لە ماوەیەکی کەمدا پارەکە وەردەگرنەوە، کەچی لە ڕابردوو بە ساڵان ئەو پارەیە نەدەگەڕایەوە، ئێستاش بەغدا قەرزداری جووتیارانی کوردستانە، جووتیارانیش دڵخۆشن بەکار و کردەوەکانی کابینەی نۆم، ئەوەش وای کردووە کە ڕۆژبەرۆژ ژمارەی جووتیاران زیاتر ببێت، دەستخۆشی لە کابینەی نۆیەم دەکەن، بۆ زیاتر گرنگی دان بە جووتیاران و بەرھەمی ناوخۆ.
لە سەردانی بۆ وەزارەتی کشتوکاڵ، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: “پێویستە ھەموو ھەوڵێک بخەینە گەڕ لەپێناو دابینکردنی ئاسایشی ئاو و خۆراک و پشتگیریکردنی بەروبوومی ناوخۆیی و بەرھەمی جووتیارانی کوردستان. ئاماژەشی بەوە دا، کە لە ھەموو سەردانەکانی بۆ وڵاتانی دەرەوە و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی ئەو وڵاتانەدا یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکانی، گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ و دۆزینەوەی بازاڕ بووە بۆ بەروبوومی ناوخۆیی.
خدر ڕەشید، جووتیارێکی ناوچە سنوورییەکانی دھۆکە، بۆ ھەولێر گوتی: “کابینەی نۆیەم ھەموو ڕێگایەکی گرتووەتەبەر بۆ زیاتر گرنگیدان بە گوندنشینان و زیاترکردنی بەرھەمی جووتیاران، ئەگەر کەرتی کشتوکاڵ لە ھەر وڵاتێک پێش بکەوێت، ئەو وڵاتە لەرووی ئابوورییەوە بە ئاسانی داناکەوێت، بۆیە دەستخۆشی لە سەرۆکی حکوومەت دەکەین کە پشتیوانیی پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵە، لەگەڵ ئەوەی کوردستان خاکێکی بەپیتی ھەیە و ئاویشی ھەیە، ھەر ئەوەش وای کردووە کە ڕۆژبەرۆژ خەڵکی گوند و ئاواییەکان لە شارەکان بگەڕێنەوە و دەست بە ژیانێکی نوێ بکەن و کاری ئاژەڵداری و جووتیاری بکەن.
مونیر زاھیر، جووتیارێکی ئیدارەی سۆرانە، بۆ ھەولێر گوتی؛ وەکو جووتیارێک پشتیوانی داواکارییەکەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین بۆ ھاندانی گەڕاندنەوەی ئەو گوندنشینانەی ئێستا لە شارەکانن بۆ گوندەکانیان و پەرەدان بە بەرھەمی کشتوکاڵی، چونکە کشتوکاڵ بڕبڕەی ئابووری نەبڕاوەی وڵاتە، ئەو پشتیوانییانەی حکوومەت بۆ کشتوکاڵ وای کردووە بەرھەمی کشتوکاڵی زیاد بکرێت و چەند پڕۆژەیەکی گرنگیش ئێستا کاریان تێدا دەکرێت، بە بەردەوامبوون لە پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ دەتوانین بەرھەمی خۆمان ھەناردەی وڵاتان بکەین و سەرچاوەیەکی گرنگی دارایی بێت بۆ بودجەی ساڵانەی وڵات و تەنھا پشت بە داھاتی نەوت نەبەسترێت”.
بە پێی هەندێک لە زانیارییەکان، ئەو سەدان گوندەی کە بەهۆی هەڕەشەی بۆمبارانی تورکیا و داگیرکاریی چەکدارانی پەکەکەوە چۆڵ کراون و ئەو ڕێگریانەی چەکدارانی پەکەکە لە جووتیارانی دەکەن هۆکار بووە بۆ ئەوەی بەلای کەم ٢٠٪ی زەوییە بە پیت و کشتوکاڵییەکانی خاکی هەرێم بێ بەرهەم بن، هەر بە پێی زانیارییەکان بەو ڕێژەی بەرهەمە کوردستان دەیتوانی بەرهەمی نێوخۆیی پڕ بکاتەوە و کەرتی کشتوکاڵ بگاتە لوتکەی پێشکەوتنی.
حوسێن حەمە کەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ، بۆ “ھەولێر” ڕوونی کردەوە: “ئێستا چوار پڕۆژەی دروستکردنی خانووی شوشەیی لە بواری جێبەجێکردندان کە دووانیان لەگەڵ وڵاتی ھۆڵەندا و یەکێکیش لەوانە ھاوبەشە لەگەڵ کۆمپانیایەکی ناوخۆیی و دانەیەکیش تورکی و ئەوەی دیکەش لە عەلوەی ھاوچەرخی ھەولێرە، ئەمەش بە ھەماھەنگی لەگەڵ کۆمپانیایەکی ھۆڵەندییە، ئەوەی عەلوەی ھەولێر زۆر گەورەیە و ئەوانەی دیکەش یەک ھێکتار و دوو ھێکتارە و وەکو سەرەتا زۆر باشە، کە بەشێوەی ڕووبەرە و ھەر ھێکتارێک چوار دۆنمە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە کابینەی نۆیەم زۆر گرنگیی بە کەرتی کشتوکاڵی داوە”.
بێگەرد تالەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، دەڵێت: “لە پڕۆژەکانی سامانی ئاژەڵ و پەلەوەری، لە کۆی کابینەکانی پێشوو ١،٨٦٤ پڕۆژە جێبەجێ کراون، بە تەنھا لەم سێ ساڵەی کابینەی نۆیەمدا ٣٠٩ پڕۆژەی گرنگ جێبەجێ کراون، دەیان مامەڵەی تریش لە پڕۆسەدان، کە سەرجەمیان دەکاتە ٢،١٧٣ پرۆژە، لە پێناو پاراستنی سامانی ئاژەڵی، ٤ ملیار دینارمان بۆ کڕینی دەرمانی قڕکەر و نەخۆشییەکان تەرخان کردووە، ١١ پڕۆژەی گرنگی بەرھەمھێنانی قارچک و ٧ کارگەی بەرھەمھێنانی زەیتوونمان دامەزراندوون کە بووەتە ھۆی ڕەخساندنی ١،٧٠٠ ھەلی کار لە ھەرێمی کوردستان، سەرەڕای قەیرانی دارایی و گۆڕانکارییە خێراکانی کەشوھەوا، لەم سێ ساڵەدا ٧٠٤ ھەزار نەماممان بەرھەمھێناوە و ٩٤ مۆڵەتی باخداریمان بەخشیوە.
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ئاشکراشی کرد: “لە بواری ئاودا یاداشتێکی لەیەکگەیشتنمان لەگەڵ گەورە کۆمپانیای جیھانی (پاوەر چاینا) واژۆ كردووە، بە مەبەستی درووستکردنی ٤ بەنداوی گرنگ و ستراتیژی، ئەوانیش: بەنداوی دەڵگە و خێوەتە و مەنداوە و باکرمان و ھەرسێ بەنداوی چەمرگە و دێوانە و خنس بۆ ساڵی ئایندە تەواو دەکەین، کە توانای گلدانەوەی ئاویان ٢٨ ملیۆن مەتر سێجایە، بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی وشکەساڵی و کەمئاوییش، ڕەزامەندی وەرگیراوە بۆ درووستکردنی ٢٥ پۆند لە سەرجەم ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان و تەرخانکردنی نزیکەی ٢ ملیار دینار بۆ نۆژەنکردنەوە و درووستکردنی ٣٠ پڕۆژەی ئاودێری لە ھەرێمی کوردستان.
بێگەرد تالەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، جەختی لەوەشکردەوە:” ئێستا دەستمان بە دانانی میکانیزمەکانی ھەناردنی بەرھەمی پڕۆژە خۆماڵییەکان بۆ دەرەوەی وڵات کردووە و بۆ یەکەمجاریشە بەرھەمی جوچکەی دایکانەمان بۆ وڵاتی ئوردن ھەناردە کردووە، لەگەڵ ھەناردەکردنی چەندین بەرھەمی خۆماڵی دیکەی بۆ بازاڕەکانی دونیا”.

ھەواڵی زیاتر