باڵوێزی سوید هێرشه‌ مووشه‌كییه‌كانی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان سەركۆنە دەكات

ئەمڕۆ هەینی باڵوێزی سوید له‌ عێراق هێرشه‌كانی سه‌ر كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی سەركۆنە كرد و دووپاتی كرده‌وه‌ ئەو هێرشانە تیرۆریستیین و بەهیچ شێوەیەك قبووڵکراو نین.

ئەمڕۆ جۆناس لۆڤێن باڵوێزی سوید لە عێراق سه‌ردانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانی كرد و له‌ په‌راوێزی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیی هاوبەشدا له‌گه‌ڵ هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران، به‌ كەناڵی “كوردستان24″ی راگەیاند پشتیوانی لە ئاسایش و ئارامی و سەقامگیری هەرێمی کوردستان دەکەن و ب توندی ئەو هێرشە تیرۆریستییانەی سەر هەرێمی كوردستان سەركۆنە دەکەن.

باڵوێزی سوید له‌ عێراق جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كە نیگەرانن لە هێرشە بەردەوامەکان بۆ سەر ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان، گوتیشی ئەو هێرشانەی لەلایەن تیرۆریستان و میلیشیاکان و وڵاتانی دراوسێوە ئەنجام دەدرێن، بەهیچ شێوەیەک قبووڵکراو نین