پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

تاوەكو ئێستا 500 رۆژنامەنووس لە عێراقدا كوژراون

عێراق، لە ڕووی ئازادیی میدیاییەوە زۆر پاشەكشەی كردووە و رۆژانە سووكایەتی بە رۆژنامەنووس دەكرێت و كار گەیشتووەتە ئەوەی، بەشێكی زۆری میدیاكاران عێراق جێبهێڵن.

لە سەردەمی سەدام حوسێنی دیكتاتۆردا، دۆخی میدیا و نووسین لە ئاستێكی زۆر زۆر خراپ بووە، دەبوایە هەموو میدیا لە خزمەتی دیكتاتۆر بێت، تەنانەت نووسەرەكان لە دەرەوەی وڵاتیش لە ترسی تیرۆركردن، بە ناوی خۆیانەوە كتێبیان نەدەنووسی، دیارترینیان نووسەری دیاری عێراقی (كەنعان مەكیە)یە، كە بەناوی خوازراو كتێبەكانی بڵاو دەكردەوە.
بەڵام دوای رووخانی بەعس لە 2003، ئیدی كاری میدیایی لە عێراق هەناسەیەكی هاتەوە بەر، بەڵام بەداخەوە لە بری ئەوەی بەرەوپێش ببرێت، ئێستا دۆخی ئازادیی میدیایی لە عێراق تا دێت لە پاشەكشەدایە.
لە چەند رۆژی رابردوو، بە تۆمەتی ئەوەی سووكایەتیان بە دەسەڵاتدارانی ئێران كردووە، دەیان رۆژنامەنووسی كەناڵی (عێراقیە) دەركران و نێردرانە ماڵەوە، ئەمەش دەریخست كە میدیای عێراق لەڕووی ئازادیی میدیاییەوە تا دێت پاشەكشە دەكات.
سەبارەت بە خراپی دۆخی میدیا لە عێراق، 266 كەسایەتی عێراقی راگەیاندراوێكیان بڵاوكردەوە و داوا دەكەن ئازادی رادەربڕین سەروەر بێت و ئیدی لەسەر بیری ئازاد هیچ رۆژنامەنووسێك لەكارەكەی دەرنەكرێت.
سامر عەبدوڵا، رۆژنامەنووسێكی عێراقییە و دەڵێت رەوشمان هیچ باش نییە، تەنانەت ناتوانین بە ئازادانە هەواڵێكیش بڵاوبكەینەوە.
ئەو قسەی بۆ ”هەولێر“ كردووە و ئاماژە دەدات، رەنگە هەواڵێك یان بابەتێك بوروژێنیت لە بەرژەوەندی هاووڵاتی بێت، بەڵام ئەگەر لایەنێك یان مەزهەبێت بەدڵی نەبێت، ژیانت دەكەوێتە مەترسییەوە، هەرهیچیان پێ نەكرێت لە پیشەكەت دوورت دەخەنەوە.
ئەو دەڵێت: ”بەداخەوە چەندین هاوپیشەی خۆم، لەبەر ئەوەی رێگەیان نادەن بە ئازادی كاری میدیایی بكەن، بۆیە عێراقیان بەجێهێشتووە و دەڵێن ئیتر ناگەڕێینەوە“.
باسی لەوەش كرد، ئەگەر رەوشی میدیا لە عێراق بەو شێوەیە بێت، كەواتە دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی بەعس، كە لە دەرەوەی عێراقیش لە ترسی كوشتن و تیرۆركردنمان دەبێت بەناوی خوازراو بابەت بڵاوبكەینەوە.
ئازاد حەمەدئەمین، نەقیبی رۆژنامەنووسانی كوردستان، دەڵێت بەشداریمان لە كۆنگرەی 31ی فیدڕاسیۆنی نێودەوڵەتی كردووە لە مەسقەتی پایتەختی عومان، لەوێ گوتوویەتی، لە پرسی میدیا و كاری رۆژنامەوانیدا بەهیچ شێوەیەك هەرێمی كوردستان بە عێراق بەراورد ناكرێت، یان ناكرێت بە یەك پاكیج باس بكرێت.
عێراق لە دوای سۆماڵ و سودان دێت، كە بكوژانی رۆژنامەنووسان بەبێ سزادان رزگاریان بووە، ئەمەش بەگوێرەی راپۆرتی ساڵی 2021ی كۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنووسان.
بەپێی دوایین ئاماری رێكخراوی پەیامنێریانی بێسنوور، لە كۆی 180 وڵات، عێراق لەریزبەندی 172 وە دێت بۆ خراپی رەوشی ئازادیی میدیا، بۆیە وڵاتێكە مەترسییە بۆ رۆژنامەنووسان.
لەدوای رووخانی رژێیمی بەعس لە 2003 و تاوەكوو ئێستا، 500 رۆژنامەنووس لە عێراقدا كوژراون و بكوژانیشی لێی رزگار بوونە.