شەممە, تشرینی دووه‌م 30, 2024

کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان بە سەرپەرشتیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت 

ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات، جێنین پلاسخارت، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراقیش بەشداریی کۆبوونەوەکە دەکات. هەڵبژاردنی کوردستان تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکەیە و، داوا کراوە لەسەر ئاستی باڵا بەرپرسی حیزبەکان بەشدار بن.

عەلی حوسێن، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی رایگەیاند، “بە دڵنیاییەوە پارتی ئامادەیە بۆ چارەسەری هەر گرفتێک کە بەربەستە لە بەردەم هەڵبژاردندا”. 

پارتی پێشنیازی بۆ لایەنەکان کردووە لەم خولەدا یاسای هەڵبژاردن هەموار نەکرێتەوە، یەکێتی بەم پێشنیازە رازی نییە. 

سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەكێتی دەڵێت، لیستی دەنگدەری هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی عێراق و کوردستان دوو جۆرە، دەبێ ئەوە چارەسەر بکرێ، سەبارەت بە کورسیی کۆتاکانیش دەڵێت، ناکرێ حیزب بە کەمترین دەنگ کورسییەک بەدەستبهێنێت بە ناوی کۆتا.

رۆژی پێنجشەممە 09-06-2022 کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.

عەلی حوسێن دەڵێت، پارتی پێشنیازی بۆ لایەنەکان و بەتایبەت بۆ یەکێتی کردووە، بۆ ئەم خولەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، یاسای هەڵبژاردن هەموار نەکرێتەوە، بە نووسراوێکیش رێککەوتن لەنێوان هەموو لایەنەکانی هەرێمی کوردستان بکرێت، تاوەکو لە خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان، یاسای هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە.

دوای سەردانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ لای لایەنە سیاسییەکان، هەم دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان دەستیپێکردەوە، هەم روو وەرگێڕانی حیزبەکان لە یەکدی پێچەوانە بووەوە.