به‌ چاودێری سەرۆکی حکومەت بەردی بناغەی باڵەخانەی کولێژی زانستە ئیسلامیەکان دانرا

لە ژێر چاودێری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، بەگوژمەی پتر لە (4) ملیۆن دۆلار، بەردی بناغەی پڕۆژەی باڵەخانەی کولێژی زانستە ئیسلامیەکان لە زانکۆی سەڵاحەدین دانرا.

پارێزگای هه‌ولێر راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌، ئەمڕۆ (چوارشەممە 8ـی حوزه‌یران / یۆنیۆی 2022)، لە ژێر چاودێری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، كه‌ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بەنوێنەرایەتی سەرۆکی حوکومەت ئاماده‌ی مه‌راسیمه‌كه‌ بوو، بەردی بناغەی پڕۆژەی بونیاتنانی باڵەخانەی کولێژی زانستە ئیسلامیەکان دانرا.

پارێزگای هه‌ولێر له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ راشیگه‌یاند، پڕۆژه‌كه‌ لەسەر بودجەی(الجمعیة الكویتیة للاغاثة) بەگوژمەی 4,556,530 چوار ملیۆن و پێنج سەد و پەنجا و شەش هەزار و پێنج سەد و سی دۆلار، جێبه‌جێ ده‌كرێت.

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش خرایه‌ڕوو، ماوەی تەواوبوونی پڕۆژەکە (456) ڕۆژە،  لەلایەن کۆمپانیای(ركن المباني العصريه) جێبەجێ دەکرێت، هه‌ریه‌ك له‌ عومەر ئەلکیندەری، کونسڵی کوێت لە هەولێر، دكتۆر عه‌بدوڵڵا وەیسی، سەرۆکی یەکێتی زانایان، موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی، سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین ئاماده‌ی مه‌راسیمه‌كه‌ بوون