سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ شاندێكى په‌رله‌مانى ئه‌ڵمانيا كرد

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2022/6/8 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان، پێشوازى له‌ شاندێكى په‌رله‌مانى ئه‌ڵمانيا كرد كه‌ له‌ هه‌ردوو په‌رله‌مانته‌ر ‏قاسم تاهر ساڵح و ماكس لوكس و يارمه‌تيده‌رانيان و كونسولى گشتيى ئه‌ڵمانيا به‌ ‏وه‌كاڵه‌ت له‌ هه‌رێمى كوردستان پێكهاتبوون.‏

له‌ ديدارێكدا په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و ئه‌ڵمانيا، دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى ‏كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، ژينگه‌ و كاريگه‌رييه‌كانى گۆڕانى ‏كه‌شوهه‌وا و لێكه‌وته‌كانى له‌سه‌ر عيراق و هه‌رێمى كوردستان، پرسه‌كانى مافى ‏مرۆڤ، يه‌كسانى، گه‌نجان، ئازادييه‌كان و ئازاديى ڕاده‌ربڕين تاوتوێ كران.‏

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، جه‌ختى كرده‌وه‌ كه‌ وێڕاى كه‌موكوڕى و تێبينى ده‌رباره‌ى ‏ئازادييه‌كان و پاراستنى مافه‌كانى‌ ئافره‌ت و يه‌كسانى، هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر ‏ڕێگه‌ى ڕاست ده‌ڕوات و به‌ره‌و ئاينده‌يه‌‌كى باشتر به‌رده‌وام ده‌بێت له‌و هه‌نگاوه‌ ‏ئه‌رێنييانه‌ى له‌م بوارانه‌دا نراون، هه‌روه‌ها له‌مباره‌يه‌وه‌ پێشوازى له‌ تێبينى و ‏هاوكاريى دۆستان له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى ده‌كات.‏

لاى خۆيانه‌وه‌ شاندى ميوان دووپاتيان كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌ڵمانيا به‌ بايه‌خه‌وه‌ له‌ ‏دۆستايه‌تى و پێگه‌ى هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانێت و به‌ هاوبه‌شێكى گرنگى ده‌بينن، ‏هه‌روه‌ها ئاماژه‌يان به‌ گرنگيى كولتوورى پێكه‌وه‌ژيان و ته‌بايى و لێبورده‌يى له‌نێو ‏پێكهاته‌كانى هه‌رێمى كوردستاندا كرد و به‌ سيمايه‌كى جوانيان له قه‌ڵه‌م دا. ‏