دەقی وتارەکەی ئەمڕۆی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

 ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 7/6/2022 له‌ سێمێل، مه‌سروور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ردی بناغه‌ی سێ پڕۆژه‌ی گرنگ داده‌نێت كه‌ بریتین له‌: كارگەی دەستاڕی ئارد، خانووی شووشەیی بۆ چاندنی میوە و سەوزە، لەگەڵ پرۆژەی بەخێوكردنی مانگا و پیشەسازیی خۆراك.

دەقی وتاری مەسروور بارزانی:

بە ناوی خوای مەزن و دلۆڤان

خوشك و برایانی هێژا

ئامادەبوانی قەدرگران

سوپاسی ئامادەبوونی هەمووتان دەكەم، ئەمڕۆ لێرە، من خۆم زۆر بە بەختەوەر دەزانم كە دەبینم جارێكی دیكە ئێمە لێرە لە شاری دهۆك و لە قەزای سێمێل كۆ دەبینەوە بۆ دانانی بناغەی چەند پرۆژەیەكی دیكەی ستراتیژی و گرنگ، نەك تەنیا بۆ ئەم دەڤەرە، بەڵكوو بۆ هەموو كوردستان، ئەویش بۆ پێشخستنی كەرتی چاندن و پیشەسازیی خۆراك لە كوردستان و پەیداكردنی چەندین هەلی كار بۆ گەنجانی وڵاتی ئێمە كە ئەمەش یەكێكە لەو پرۆژە و بەرنامە و ئەجێندایانەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەیەتی، ئەویش پێشخستنی ئابووریی كوردستان و فرەكردنی سەرچاوەكانی داهات و زیادكردنی هەلی كار بۆ گەنجان.

بەم بۆنەیەوە سوپاسی كۆمپانیای (كاڤین گرووپ) دەكەم بۆ جێبەجێكردنی ئەم پرۆژانە. ئێوە دەزانن كە ئەمە یەكێكە لەو پرۆژە، یان چەندین پرۆژانەی لێرە دانراون، بەشێكن لەو پرۆژانەی حكوومەت كە لە چەندین شاری دیكەش، لە سلێمانی، لە هەولێر، ئیدارە سەربەخۆكانی وەك هەڵەبجە هاتوونەتە دانان و بەردەوامیش دەبین، بۆ ئێمە جێی شانازییە كە دەبینین ئەم كابینەیە گرنگییەكی زیاتری داوەتە سەرچاوەكانی داهات و هەمەڕەنگكردنی داهات بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان.

كوردستان دەوڵەمەندە بە سەرچاوەی مرۆیی و سەرچاوەی سروشتیی خۆی، پێویستە ئەوەی پێمان دەكرێت بیكەین تاوەكوو سوود لە خاكی خۆمان ببینین، ئەو سەرچاوە سروشتییە جوانەی كوردستان ببینین كە بەداخەوە تا ئێستا لەبەر زۆر ئەگەر سوودیان لێ نەبیندراوە، یان گرنگییان پێ نەدراوە، بەڵام ئێمە لەم كابینەیە سۆزمان پێ داون كە هەموو تواناكانی خۆمان بۆ پێشخستنی كەرتی كشتوكاڵی و چاندن و پیشەسازیی خۆراكی و پێشخستنی ئابووریی هەرێمی كوردستان دەخەینە گەڕ.

پێویستە ئێمە بگەینە ئەو ئاستەی كە دڵنیا بین ئاسایشی خۆراك لە هەرێمی كوردستان دابین دەكرێت و مەترسی لەسەر ژیانی خەڵكی كوردستان نامێنێت. هەروەك دەبینن چەندین قەیران و گرفت لە دونیا سەریان هەڵداوە، بەتایبەتی دوای شەڕ و پێكدادانەكانی جیهان هەروەك لە ئۆكراینا هەیە، دەبینین چەند كاریگەریی لەسەر كەرتی كشتوكاڵ و خواردن لە جیهان هەبووە و كاریگەریشی لەسەر هەرێمی كوردستان هەبووە. بۆیە پێویستە گرنگییەكی زیاتر بدەین بە بەرهەمی ناوخۆیی و زیاتری بكەین، زیاتر پشت بە خۆمان ببەستین، بە زیادكردنی بەرهەمی خۆماڵی نەك پێویستیی خۆمان دابین بكەین، بەڵكوو ببینە سەرچاوەی بەرهەمهێنانی خۆراك بۆ بەشەكانی دیكەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەگەر توانا هەبێت، بۆ وڵاتانی كەنداو و ئەورووپاش.

ئەو ماوەیەی چوو، بە هاوكاریی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتە پەیوەندیدارەكان و وەزارەتەكانی كشتوكاڵ و بازرگانی، چەندین هەوڵ درا، لەگەڵ وڵاتانی دیكەش گفتوگۆ كرا بۆ دۆزینەوەی بازاڕی نوێ بۆ ساخكردنەوەی بەرهەمی خۆماڵیی كوردستان، خۆشحاڵم كە سەركەوتنیش لەم بارەیەوە بەدەست هاتووە و لە ماوەیەكی نزیكدا ئەزموونێكی سەركەوتوو دەبینین و هیوادارم ئەنجامەكانی دەربكەون و ببێتە ڕێخۆشكەر تا بەرهەمی ناوخۆیی بنێرینە دەرەوە و بازاڕەكانی دونیا بە بەرهەمی ناوخۆیی كوردستان ئاشنا بكەین. ئەمە هەلێكی باشە و هەلی كاری زیاتر بۆ خەڵكی ئێمە و جووتیارانمان دەڕەخسێنێت.

كاتێك جووتیار بەرهەمێك بەرهەم دێنێت، دەبێت كەرتی پیشەسازی، بابەتی گواستنەوە و هێنان و بردن، یان پێچانەوە و هەناردەكردنی بۆ دەرەوە، هەمووی دەبنە هەلی كار بۆ ئەو كەسانەی لەم بوارانەدا كار دەكەن. بۆیە چەندین جار گوتوومە كشتوكاڵ بناغەی پێشخستنی ئابووریی هەر وڵاتێكە، ئەگەر گرنگیی پێ بدەین و پێشی بخەین، كەرتی كشتوكاڵیش پێش دەكەوێت.

ڕاستە ئێمە كاتێكی زۆر ناخۆش و چەندین قەیرانمان تێپەڕاند، بەڵام پێویستە ئامادە بین بۆ ئەوەی ئەگەر قەیران بەردەوام بن، بتوانین خۆمان بگونجێنین تا زەرەر و زیان نەگاتە خەڵكەكەمان. وەك باسم كرد زیادبوونی شەڕ و ئاڵۆزی لە جیهان، كاریگەریی لەسەر زیادبوونی نرخی سووتەمەنی و زیادبوونی نرخی خواردن لە هەموو جیهان كرد. ئەگەر بەراوردی خۆمان لەگەڵ هەندێك وڵاتی دەوروبەر، یان وڵاتانی دونیاش بكەین، دەبێ ئەوە لەبەرچاو بگرین كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو هەوڵێكی خستووەتە گەڕ تا ئەم فشارە هەمووی نەكەوێتە سەر هاووڵاتییان. ئێمە چەندین هەنگاوی پێویستمان ناوە چ لە كەمكردنەوەی نرخی هاوردەكردنی كەرەستەی سەرەتایی پێویست، یان داشكاندنی نرخی كارەبای ئەو كارگە و فڕنانەی خواردن و نان دروست دەكەن، حكوومەت بەشدارە لە هەڵگرتنی گرانیی بارەكە تا هەمووی نەكەوێتە سەر شانی هاووڵاتیانمان. ئەوەیشی لە دەسەڵاتماندا بێت دەیكەین تا باری هاووڵاتیانمان سووك ببێت. دەبێ ئەوە لەبەرچاو بگرین كە دونیا هەمووی تووشی ئەو قەیرانە بووە و تەنیا هەرێمی كوردستانی نەگرتووەتەوە.

ئێمە لە هیچ وڵاتێكی دیكە كەمتر نین، توانای میللەتی ئێمە لە هی كەسێكی دیكە كەمتر نییە، ئەوەی پێمان دەكرێ بیكەین تا باشترین ڕێگە بۆ پێشخستنی ئابووریی كوردستان و پێشخستنی كشتوكاڵ و پیشەسازی لە كوردستان بگرینە بەر، هەروەها توانای خەڵكی خۆمان بشێنین بۆ ئەوەی بەرهەمی خۆیان زیاد بكەن و پێشی بخەن، تاوەكوو ببنە سەرچاوەیەكی باشی ئابووریی كوردستان بەگشتی.

لێرەوە داوا لە هەموو زانكۆكانمان و پسپۆڕانمان دەكەم، هاوكار بن لەگەڵ كەرتی تایبەت، لەگەڵ كەرتی گشتی و حكوومەت بۆ دۆزینەوەی ڕێگەی زانستی تاوەكوو بزانین چۆن خۆمان بگونجێنین لەگەڵ ئەو گۆڕانكارییانەی كەشوهەوا كە دیسان بووەتە بابەتێكی دیكە كە دونیا پێیەوە سەرقاڵ بووە.

داوای من ئەوەیە ئەوەی پێمان دەكرێ ڕێگەیەك بدۆزینەوە بە كەمترین خەرجكردنی ئاو بەرهەمی خۆمان بەرهەم بێنین، چەند ساڵە دەبینین بارانی پێویست نابارێت، یان دەبێتە وشكەساڵی، ئەم پرۆژەیەی لێرە بینیمان وەك خانووی سەوز كە ئاوی كەمتری بۆ كشتوكاڵ پێویستە، ئەمە ببێتە نەریتێك بۆ ئەوەی ئەم پرۆژەیە زیاد بكات، تاوەكوو نەبینە دیلی كاریگەریی كەشوهەوا لەسەر ئێمە.

سوپاسی كەرتی تایبەت دەكەم لە هەموو كوردستان كە هاریكاری حكوومەت بووە و لە هەموو پارێزگاكانی كوردستان و ئیدارە سەربەخۆكاندا پشتیوان بووە، حكوومەتیش پشتیوانێكی مكوڕ بووە بۆ پاراستنی مافەكانیان و پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییە دروستەی لە نێوان كەرتی گشتی و تایبەت هەیە، زیاتر پرۆژە جێبەجێ بكەن و پشتیوانیی حكوومەت بكەن، ئێمەش پشتیوانیان دەبین.

جارێكی دیكە سوپاسی ئێوە هەمووتان دەكەم، سوپاسی كاڤین گرووپ دەكەم، هیوادارم بەرهەمی ئەو پرۆژانە بە زووترین كات ببینین، جارێكی دیكە بەخێر بێن، سەرسەر و سەرچاوان، هەمووتان سەلامەت بن و كوردستانیش هەر ئاوەدان بێت