پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق دەکات

– هه‌ولێر:  

ئەمڕۆ یەکشەممە 5ی حوزەیرانی 2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە مارك برایسن ریچاردسن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، کە دەیڤد هانت کونسولی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، باڵیۆزی بەریتانیا ئاماژەی بە سەردانی سەرکەوتووی سەرۆکی حکومەت بۆ بەریتانیا و پێشوازیکردنی لە ئاستێکی باڵا و دیدار و کۆبوونەوەکانی کرد، کە دەبێتە هۆی پێشخستنی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا. بەتایبەتی بڕیارە لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەردوولا، کار لەسەر ئەنجامەکانی سەردانەکە لە بوارەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا و تەندروستی و هەماهەنگیی سەربازی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆریستان بکەن .

سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتیوانی بەردەوامی بەریتانیای کرد و خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە هەموو ئاستەکاندا دووپات کردەوە.

بارودۆخی گشتیی عێراق و گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، لە رێگەی گفتوگۆ و لە سەر بنەمای دەستوور، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوو.