پارێزگاری دهۆک رایدەگەیەنێت، پەکەکە باوەڕی بە کورد و کوردستان نەماوە، ” بۆ ئێمە زۆر دژوارە بە ناوی کوردایەتی دوژمنایەتی کوردایەتی دەکەن”.
عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە رێوەڕسمی ساڵیادی شەهیدکردنی پێنج پێشمەرگە لە چیای مەتینا لەلایەن چەکدارانی پەکەکە، رایگەیاند: “زۆر کەس لە ئێمە تێناگەن، نازانن چ زوڵمێک لە هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە دەکرێت، ئەوەی هەرگیز بیرمان لێنەدەکردەوە ئەوە بوو کوردێک بتوانێت لولەی تفەنگی روو لە پێشمەرگە بکات، چۆن هێزێکی سیاسی کە خۆی بە کورد دەزانێت چۆن رووی چەک و مووشەکەکانی دەخاتە پێشمەرگە، رژێمی بەعس و رێکخراوی داعش دوژمنی کورد بوون و دیار بوون، بەڵام بەناوی کوردایەتی دوژمنایەتی کورد بکەیت ئەوە بۆ ئێمە زۆر دژوارە و پڕ ژانە، ئەو لایەنە سیاسییە پێشمەرگە شەهید دەکات، باوەڕی بە کوردایەتی و کوردستان نەماوە”.
گوتیشی: “ئەو شتانەی لە مێژوو هەموومان لەسەری کۆک بووین وەک ئاڵا و ناوی پێشمەرگە و چەندین شتی تر پەکەکە هەوڵدەدا بیگۆڕێت، ئەوان مادام باوەڕیان بە کوردستان نییە بە چ مافێکەوە دێنە کوردستان، مادام ئێوە بۆ سووریای دیموکرات تێدەکۆشن بۆچی خەڵکی سووریا دێنن لێرە بە کوشتنیان دەدەن؟ ئەگەر بۆ دیموکراتیزەکردنی تورکیا کار دەکەن بۆچی شەڕی خۆیان دێننە ناو هەرێمی کوردستان؟ ئێوەی هاووڵاتی تورکین فەرموو بڕۆن بۆ تورکیا، مادام دەتانەوێت سنووری سایکس بیکۆ بمێنێت فەرموو رێزی لێبگرن و ئێوە هاووڵاتینامەی ( جنسیە)ی وڵاتێکی دیکەتان هەیە بڕۆن لەوێ داوای مافی خۆتان بکەن”.
عەلی تەتەر، روو دەکاتە خەڵکی باکووری کوردستان و دەڵێ: “ئەرێ رەوایە کوڕ و کچەکانی ئێوە ناوچەکانی خۆیان جێبهێڵن و بێن لێرە کچ و کوڕی خەڵک شەهید بکەن؟ بێن رەوشی کوردستانی ئازادکراو تێکبدەن و شەڕی ناو ماڵی خۆتان بگوازنەوە ناو ماڵی دراوسێ؟ کەی رەوایە خەڵک لە رۆژئاوای کوردستان بێنی و رۆڵەکانی کوردی لێرە پێ شەهید بکەیت؟. ئەوان دەڵێن کوردستان هەموو بۆ ئێمە وەک یەکە، ئەگەر راست دەکەن بۆچی پێشمەرگەی رۆژ ناتوانێت بچێنەوە رۆژئاوا، بۆچی بۆ ئەوان کە خەڵکی رۆژئاوای کوردستانن قەدەغەیە بچنەوە بەرگری لە خاک و کەسوکاری خۆیان بکەن. ئەگەر دەتانەوێت خەبات بکەن، فەرموون ئەوە عەفرین و سەرێکانی رزگاری بکەن، بۆچی تائێستا تەقەتان لەو شوێنانە نەکردووە”.
راشیگەیاند: “ئێمە باوەڕمان بە شەڕی نییە، بەڵام ئەوان دێن پێشمەرگە و گەنج و منداڵانی ئێمە لێرە شەهید دەکەن، بۆمب لەسەر رێگای خەڵک دادەنێنەوە، رێگری لە ژیان و گوزەرانی خەڵک دەکەن”.