مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە لە چوارچێوەی بەسەرکردنەوەی وەزارەت و فەرمانگەکانی حکوومەت، سەردانی وەزارەتی ناوخۆی کرد.
سەرۆكی حكوومەت، بە ئامادەبوونی ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ و بریکاری وەزارەت و پارێزگارەکان و سەرپەرشتیارەکانی ئیدارە سەربەخۆکان و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە وەزارەتی ناوخۆی کرد.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، وەزیری ناوخۆ پوختەیەکی دەربارەی کار و پڕۆژەکانی وەزارەت و ئەو چاکسازیانەی لە وەزارەتی ناوخۆدا کراون، لە چوارچێوەی پلان و کارنامەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خستەڕوو، بە تایبەتی لە ڕێکخستنەوەی دامەزراوەکانی وەزارەت و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی بە هاووڵاتییان لە بوارەکانی هاتوچۆ و نشینگە و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بە هاوکاری و هەماهەنگیی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان.
سەرۆكی حكوومەت لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە لە وتەیەکدا كە لە كۆبوونەوەكە پێشكەشی كرد، ئاماژەی بە گرنگی وەزارەتی ناوخۆ کرد، کە وەزارەتێکی گەورە و گرنگ و یەکێک لە سەرکەوتووترین وەزارەتەکانی هەرێمی کوردستانە، وێڕای ئەوەی وەزارەتێکی خزمەتگوزارییە و چەندین جۆری خزمەت پێشکەشی هاووڵاتییان دەکات، لە هەمان کاتدا جێبەجێکاری یاسا و بەرپرسیاریشە لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هاووڵاتییان بە هەماهەنگی و هاوکاری دەزگا پەیوەندیدارەکانی دیکە، کە جێی خۆشحاڵی و دەستخۆشییە، هەماهەنگییەکی باش هەیە لە نێوان وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجوومەنی ئاسایش لە پێناو پاراستنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، بە هۆی ئەم هەماهەنگی و بەیەکەوە کارکردنە و بە هۆی هاوکاریکردنی هاووڵاتییانی هەرێم لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان، ئێستا هەرێمی کوردستان، شوێنێکی ئارامە لە ناوچەیەکی نائارامدا.
مەسرور بارزانی نووسیویەتی “هەروەها جەختمان لەوە کردەوە، کە دەبێ یاسا بە یەکسانی بەسەر هەموو کەسێکدا جێبەجێ بکرێت و نابێت کەس لە سەرووی یاساوە بێت، بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆشمان ڕاسپارد کە لە جێبەجێکردنی یاسا و سزادانی تاوانباران، ئەوانەی بوونەتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییان و کۆمەڵگە، زۆر توند بن و هیچ چاوپۆشی و کەمتەرخەمییەک نەکەن لە بە سزاگەیاندنیان، بە تایبەتی نەهێشتنی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان و هەروەها ڕووبەڕووبوونەوەی ئەوانەی تاوانی ڕێکخراو ئەنجام دەدەن و بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر دەکەن و لەو ڕێگەیەوە دەیانەوێ شیرازەی کۆمەڵگەی کوردستان تێک بدەن، بۆیە دەبێ بە توندترین شێوە بەرەنگاری ئەم جۆرە تاوانانە ببنەوە”.
هەروەها دەڵێ “ئاماژەمان بە زۆربوونی ڕووداوەکانی هاتوچۆ کرد و باسمان لە گرنگی جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی هاتووچۆ و سزادانی ئەو شوفێرانە کردەوە کە زۆر بە خێرایی و سەرەڕۆییانە و دوور لە هەموو ڕێنماییەک، ئۆتۆمبێل لێ دەخوڕن. دووپاتیشمان کردەوە کە پێویستە لە فەرمانگەکانی حکوومەت ، زۆر بە ڕێزەوە پێشوازی لە هاووڵاتییان بکرێت و بە باشترین و شایستەترین شێوە، خزمەتیان بکرێت و پێویستە خزمەتکردن و بەدەستهێنانی ڕەزامەندی هاووڵاتییان، ئامانجی سەرەکی بەرپرسان و فەرمانبەرانی حکوومەت بێت”.