مەسرور بارزانی: دەبێ بەرپرسانی حکوومەت وەک یەک تیم کاربکەن 

ئەمڕۆ یەکشەم مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری کرد و لەلایەن ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزارەوە پێشوازی لێ کرا.

سەرۆکی حکوومەت بە ئامادەبوونی ئەنجومەنی وەزارەت و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتییەکان و سەرۆکەکانی شارەوانی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە کاروباری شارەوانی و گەشتوگوزاری کرد.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار کورتەیەکی دەربارەی کار و پڕۆژەکانی وەزارەت و پلانەکانیان بۆ زیاتر خزمەتکردنی هاووڵاتییان و باشتر جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خستەڕوو.

پاشان سەرۆکی حکوومەت لە وتەیەکدا ئاماژەی بە ئامانجی سەردانەکەی کرد کە بەشێکە لە بەرنامەی سەردانەکانی بۆ گشت وەزارەتەکان بە مەبەستی ئاگاداربوون لە کار و پڕۆژە و پلانەکانی دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە خزمەتی هاووڵاتییان بکەن. سەرۆکی حکوومەت جەختی کردەوە کە دەبێ بەرپرسانی حکوومەت وەک یەک تیم کار بکەن لەپێناو جێبەجێکردنی کارنامەی حکوومەت کە ئامانجی سەرەکی خزمەتکردنی هاووڵاتییانە بە شێوەیەکی شایستە و ڕاییکردنی کارەکانیانە بە خێرایی و دوور لە هەموو ڕۆتینێک.

سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بە گرنگیی وەزارەتی شارەوانیی و گەشت و گوزار دا کە یەکێکە لەو وەزارەتانەی پەیوەندییەکی زۆری بە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییانەوە هەیە، بۆیە بەرپرسانی وەزارەتی ڕاسپارد کە هەموو هەوڵ و کۆششی خۆیان بخەنەگەڕ لەپێناو باشتر جێبەجێکردنی کار و ئەرکەکانیان.

سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بە گرنگیی کارکردن لە سەر بەرەوپێشبردنی کەرتی گەشتوگوزار و بایەخدان بە شوێنە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان کرد کە دەکرێ ببێتە سەرچاوەیەکی گرنگی داهاتی هەرێمی کوردستان . هەروەها باسی لە گرنگی پاراستنی ژینگە و پاک و خاوێنی شار و ناوچەکانی کوردستان کرد کە ئەرکی هەموو هاووڵاتییانی کوردستانە بەرپرسیارانە مامەڵە لە گەڵ ژینگەی کوردستان بکەن، چونکە پاراستنی پاک و خاوێنی ژینگە، پاراستنی ژیانە.

سەرۆکی حکوومەت هەروەها جەختی لە پێویستی و گرنگی زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان کرد، لە پێناو دابینکردنی ژینگەیەکی تەندروست. بۆ ئەم مەبەستەش سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە لە داڕشتنەوەی ماستەرپلانی شارەکان و شێواز و پێکهاتەی فراوانکردنیان، مەرج و پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە ژینگە و تەندروستی و سەوزایی و خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە بەرچاو بگیرێت.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، چەندین سەرنج و تێبینی و پێشنیار لەلایەن ئامادەبووانەوە بە مەبەستی پێشخستنی زیاتری دامەزراوەکانی حکوومەت و خزمەتکردنی هاووڵاتییان خرانەڕوو.

ھەواڵی زیاتر