هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان و لایەنە کوردستانییەکان 

نێردەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە لە هەولێر لەگەڵ سەرجەم لایەنە کوردستانییەکان کۆبووەوە، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پرسەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، خزمەتگوزارییە گشتییەکان و گرنگیدان و بەهێزکردنی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا.

نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە “لەسەر بانگهێشتی نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاریی عێراق (UNAMI)، لەگەڵ سەرۆک و نوێنەری باڵای لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە نووسینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە هەولێر کۆبووینەوە.”

یونامی ڕایگەیاند: کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی فازڵ میرانی نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، سەڵاحەددین بابەکر نوێنەری یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی دادگەری کوردستان، عومەر سەید عەلی نوێنەری بزووتنەوەی گۆڕان و بەدریە ڕەشید نوێنەری جوڵانەوەی نەوەی نوێ بەشداربوون.

ئەوەشی خستەڕوو کە “ئەم کۆبوونەوەیە هاوکاتە لەگەڵ بڕیاری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی 1ـی ئۆکتۆبەری 2022 پەرلەمانی کوردستان، دەرفەتێکی گونجاوە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕا لەنێوان لایەنەکان لەبارەی پرسە جیاوازەکانی وەکو دووركەوتنەوە لە سیاسەتی دابەشكاری و هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ڕوون و باوەڕپێکراو.”

جەختیشی کردۆتەوە کە “گفتوگۆی نێوان لایەنەکان لەسەر بنەمای خزمەتکردن بە بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.”

ئاماژەی بەوەش داوە کە جینین پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، سوپاسی لایەنەکانی کرد بۆ بەشداریکردنیان لە کۆبوونەوەکە و  داوای بەردەوامبوون و چڕکردنی هەوڵەکانی کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئالنگارییانەی کە هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی دەبێتەوە.