خوێندنی دکتۆرا بۆ زمانی کوردی لە زانکۆی ماردین کرایەوە

خوێندنی دکتۆرا لە بەشی زمان و کولتووری کوردی و زمان و کولتووری عەرەبی لە ئەنیستیتوی زمانە زیندووەکانی زانکۆی ئارتوکڵو/ماردین کرایەوە.

دوای ئامادەکارییەکان زانکۆی ئارتوکڵو/ماردین بەمەبەستی کردنەوەی خوێندنی دکتۆرا لە بەشی زمان و کولتووری کوردی و زمان و کولتووری عەرەبی لە ئەنیستیتوی زمانە زیندووەکان، داواکاری پێشکەشی ئەنجوومەنی خوێندنی باڵای تورکیا کرد.

ئەنجوومەنی خوێندنی باڵاش لە کۆبوونەوەی 22ی ئایاری 2022 رەزامەندی لەسەر کردنەوەی خوێندنی دکتۆرا لەهەردوو بەش دەربڕی.

بەڕێوەبەری ئەنیستیتوی زمانە زیندووەکان لە زانکۆی ئارتوکڵو/ماردین، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر د. یونس جەنگیز بە ئاژانسی ئانادۆڵی راگەیاند، ئەنیستیتۆکە لە 2010 بە هەر سێ بەشی زمانەکانی کوردی، عەرەبی و سریانی کرایەوە و گوتی: “سەرەتا خوێندنی ماستەر بۆ زمان و کولتووری کوردی کرایەوە، دواتریش بۆ زمان و کولتووری عەرەبی و سریانی، ئێستاش بە بڕیاری ئەنجوومەنی خوێندنی باڵا، خوێندنی دکتۆرا بۆ کوردی و عەرەبی کراوەتەوە. مانگی تەممووز، یان ئاب، کورسییەکان رادەگەیەندرێن. ئەمە پێشهاتێکی زۆر گرنگە، چونکە دکتۆرا، باڵاترین ئاستی ئەکادیمییە و ئەوانەی دکتۆرا تەواو دەکەن دەتوانن لە زانکۆ ببنە مامۆستا. تیمێکی زۆر بەهێزمان هەیە و دڵنیام لەوەیش سەرکەوتوو دەبین”.

ھەواڵی زیاتر