دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پۆڵۆنیا بەشداری لە كۆنگرەیەكی نێودەوڵەتیدا دەكات 

زیاد رەئوف نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پۆڵۆنیا بەشداری لە كۆنگرەی نێودەوڵەتیی ئاسیادا كرد كە لە شاری تۆرونی پۆڵۆنیا بەرێوە دەچێت و چەند رۆژێك دەخایەنێت، بەرپرسانی دەسەڵات و نوێنەرانی دەستەی دیبلۆماسی و سەرۆكی چەند زانكۆیەكی پۆڵۆنیا و پسپۆرانی ئەكادیمی بەشداری تێدا دەكەن.

لە رۆژی یەكەمی كۆنگرەكەدا، لە پانێلی كردنەوەی كۆنگرەدا، زیاد رەئوف نوێنەری حكوومەتی هەرێم لە پۆڵۆنیا وتارێكی پێشكەش كرد و تیایدا تیشكی خستە سەر چەندین تەوەر و بە راشكاوی باسی لەوە كرد كە وێرای سەرنجی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر جەنگی رووسیا و ئۆكراینا، دۆخی ئاسیا و بە تایبەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش نابێت فەرامۆش بكرێت.

نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پۆڵۆنیا باسی لەو كێشانە كردووە كە گەلی عێراق بە گشتی بەدەستیانەوە دەناڵێنن و كاریگەری راستەوخۆشیان لەسەر دۆخی هەرێمی كوردستان هەیە، لەوانەش پەكخستنی ئیدارەی دەوڵەتی عێراق بەهۆی بێتوانایی لە هەڵبژاردنی حكوومەتی نوێ و سەركۆماری نوێ، هەروەها ناكۆكی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەربارەی نەوت و گاز بە بیانووی بریارێكی سیاسی دادگای فیدراڵیی عێراق، سەرباری زیادبوونی چالاكییە تیرۆریستییەكانی داعش و جێبەجێ نەكردنی ڕێككەوتننامەی شنگال و ئەو ململانێیانەی بوونەتە هۆی نەگەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ شنگال.

زیاد رەئوف لە پانێڵی كردنەوەی كۆنگرەی نێودەوڵەتیی ئاسیادا، جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە بەبێ گوێدانە فرەیی و قەبارەی كێشەكان، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە لە هەوڵی رێككەوتن لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی لە بەغدا و بەرنامەی تایبەتی خۆی لە چاكسازی بە ئامانجی هەمەچەشنكردنی ئابووری جێبەجێ دەكات و لە هەمان كات سیاسەتێكی كارای دەرەوە بەڕێوەدەبات.