پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

نوێنەرانی خاوەن زەوییەكانی هەشتی حەسارۆک: سوپاس بۆ خەمخۆریی مه‌سرور بارزانی

دوێنێ چوارشەممە (18/5/2022) ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، لەگەڵ نوێنەرانی خاوەنزەوییەكانی كەرتی هەشتی حەسارۆک كۆبووەوە و گوێی لە داواكارییەكانیان گرت كە بۆچی تا ئێستە خزمەتگوزارییان پێ نەگەیشتووە و بە ڕاشكاوی هەموو گلەیییەكانی خۆیان باس كرد.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێی ڕاگەیاندن، هەر خۆی داواكانی ئێوە مانای وایە چاوەڕوانیی زۆرتان لە حكوومەتی خۆتان هەیە كە ئەمەش مانای متمانەی هاووڵاتییانە بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان. ڕوونیشی كردەوە، وێڕای باری دارایی حكوومەت، بەڵام ڕێزدار مەسروور بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران بەڵێنی پێ دان خزمەتگوزاریتان پێ بگات، بۆیە دڵنیا بن هەموو توانایەكمان خستووەتە گەڕ.
ساسان عەونی، وردەكاری ئەو هەوڵ و پێشنیازانەی بۆ نوێنەرانی خاوەنزەوییەكانی هەشتی حەسارۆک ڕوون كردەوە تا گەیشتوون بە باشترین چارەسەر بۆ ئەوەی لەپێشدا خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكانیان پێ بگات وەک گەیاندنی ئاوی خاوێن، ئاوەڕۆ، شەماقە سەرەكییەكان، كارەبا و پاشان هەموو خزمەتگوزارییەكانی دیكە.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێی ڕاگەیاندن، حكوومەت بۆ ئەوەی لەم دۆخە سەختە دارایییەدا خزمەتگوزاری بگەیەنێتە هەشتی حەسارۆک، بڕیاری داوە زەوییە بارزگانییەكان بفرۆشێت و پارەكەشی هەمووی تەنیا بۆ خزمەتگوزاریی كەرتەكە خەرج دەكرێت. داواشی لێ كردن، با نوێنەریان لە دانیشتنەكانی پرۆسەی فرۆشتنی زەوییەكان و شێوازی خەرجكردنەكەی بەشدار بێت و چاودێری بكەن.
نوێنەرانی كەرتی هەشتی حەسارۆک، سوپاسی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و هەوڵە خەمخۆرییەكانی كابینەی نۆیەمیان كرد، وێڕای ئەوەی هێشتا خانووی لێ نەكراوە، خزمەتگوزاری دەگەیەننە كەرتەكە كە بەپێی یاسا دەبێت 30%ی هەر گەڕەكێک ئاوەدان بكرێتەوە، ئینجا حكوومەت خزمەتگوزاری بۆ دەبات. هەروەها سوپاسی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریان كرد كە هەردەم دەرگەی وەزارەتی بۆ كردوونەتەوە و بەردەوام گوێی لە داواكانیان گرتووە.