حکوومەتی هەرێم دەنگۆی دەستبەسەرداگرتنی چەند کێڵگەیەکی نەوت رەتدەکاتەوە

د.جووتیار عادل، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لە ئەوەی دەکەن گوایە حکوومەتی هەرێم بە پشتیوانیی هێزی چەکدار دەستی بەسەر چەند کێڵگەیەکی نەوتیدا گرتووە.


لە بەشێکی روونکردنەوەکەدا کە بەدەست گەیشتووە “حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو ئەو هەواڵ و دەنگۆیانە ڕەت دەکاتەوە کە گوایە حکومەتی هەرێم بە پشتیوانی هێزی چەکداری، دەستی بە سەر چەند کێڵگەیەکی نەوتی بای حەسەن و داودگورگەی سەر بەکۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووکدا گرتووە و داگیری کردوون”.

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە ئەوەش داوە،”ئاشکرایە بە پێی دەستووری عێراق، سامانی گشتی هی هەموو خەڵکی عێراقە و هی کۆمپانیایەک نیيە. کۆمپانیای نەوتی باکوور چەندین ساڵە بەبێ هەبوونی یاسای نەوت و غاز، کار دەکات و دەستوور پێشێل دەکات. ئەگەر كۆمپانیای نەوتی باکوور، لە خەمی چارەسەکردنی کێشەکانە، با یاسای نەوت و غاز بە پێی دەستور تەشریع بکرێت”.

ئەمەی خوارەوە دەقی روونکردنەوەکەیە:-

ڕوونكردنەوەيەك لە گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە
حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو ئەو هەواڵ و دەنگۆیانە ڕەت دەکاتەوە کە گوایە حکومەتی هەرێم بە پشتیوانی هێزی چەکداری، دەستی بە سەر چەند کێڵگەیەکی نەوتی بای حەسەن و داودگورگەی سەر بەکۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووکدا گرتووە و داگیری کردوون.
ئاشکرایە بە پێی دەستووری عێراق، سامانی گشتی هی هەموو خەڵکی عێراقە و هی کۆمپانیایەک نیيە. کۆمپانیای نەوتی باکوور چەندین ساڵە بەبێ هەبوونی یاسای نەوت و غاز، کار دەکات و دەستوور پێشێل دەکات. ئەگەر كۆمپانیای نەوتی باکوور، لە خەمی چارەسەکردنی کێشەکانە، با یاسای نەوت و غاز بە پێی دەستور تەشریع بکرێت.
بۆیە ئەو هەڵمەتەی دژی هەرێم دەستیان پێکردووە هۆکارەکەی سیاسییە و هیچ بنەمایەکی یاسایی نیە و ئەو تۆمەتانەی دژی هەرێم بڵاوی دەکەنەوە، دوورن لە ڕاستییەوە و تەنیا بۆ دروستکردنی ئاژاوە و دژی مافەکانی خەڵکی کوردستانە. 
د.جوتیار عادل
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
١٤ی ئایاری ٢٠٢٢

ھەواڵی زیاتر