فراکسیۆنی پارتی: پەکخستنی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان پێشێلکردنی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانە

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، پەكخستنی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان كە ھاوتەریبە لەگەڵ پەكخستنی پرۆسەی یاسادانان، پێشێلكردنی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمانە لەلایەن سەرۆكی پەرلەمانەوە. جەختیش دەكاتەوە، بەردەوام بوونی پرۆسەی یاسادانان لە ھەرێمی كوردستان پەیوەستە بە دانیشتنەكانی پەرلەمانەوە.

زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکیسۆنی پارتی رایگەیاند: “پەکخستنی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان لەلایەن سەرۆکی پەرلەمان، پێشێلکردنی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانە، پەکخستنی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان هاوتەریبە لەگەڵ پرۆسەی یاسادانان لە هەرێمی کوردستان، کە ئەمە بۆشایی گەورە بۆ سەرجەم سێکتەرەکان دروست دەکات، ئەمەش کارێکی نایاساییە، پرۆسەی یاسادانان پەیوەستە بە دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان، جگە لە پرسی هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان، پرۆسەیەکی گرنگ هەیە کە پرۆسەی یاسادانانە”.

گوتیشی: “چەند پرۆژە یاسایەک خوێندنەوەی دووەمیان بۆ کراوە، کە پێویستە دوای هەفتەیەک بخرێنە دەنگدان، ئەمەشیان پێشێلکردنی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانە”.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، ئاماژەی بەوەشدا: “ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت حاڵەتێکی نا ئاسایی و نایاساییە لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانەوە پیادە دەکرێت، ئومێد دەکەین ئەم بابەتە لەپێناو سەقامگیری و ژیانی خەڵکی کوردستانن زیاتر درێژە نەکێشێت، دەبێ پەرلەمانی کوردستان قسەی خۆی بکات، کە تائێستا 33 یاداشت بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەبارەی ژیان و دۆخی ئێستای خەڵکی کوردستان ئاراستەی سەرۆکی پەرلەمان کراوە”.

ھەواڵی زیاتر