پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

پارتی راگه‌یه‌ندراوی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی بڵاوكرده‌وه‌

پارتی دیموكراتی كوردستان راگه‌یه‌ندراوی كۆتایی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی حزبه‌كه‌ی بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ به‌ سه‌رپه‌رشتی سه‌رۆك بارزانی به‌ڕێوه‌چوو و ته‌واوی بڕیار و راسپارده‌كانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی له‌ شه‌ش ته‌وه‌ردا خسته‌ڕوو.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، رێكه‌وتی 8/5/2022 به‌ سه‌رپه‌رشتی جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی و ئاماده‌بوونی جێگری سه‌رۆك، ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی گرێدا و تێیدا گفتوگۆ له‌باره‌ی ژماره‌یه‌ك ته‌وه‌ری جیاواز كرا.

له‌ ته‌وه‌ری یه‌كه‌مدا، گفتوگۆ له‌باره‌ی دۆخی عێراق كرا، به‌تایبه‌ت دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و پرۆسه‌ی پێكهێنانی هاوپه‌یمانی (رزگاریی نیشتمانی) كه‌ له‌ سێ لایه‌نی براوه‌ی هه‌رسێ پێكهاته‌ی شیعه‌ و كورد و سوننه‌ (ره‌وتی سه‌در، پارتی دیموكراتی كوردستان و هاوپه‌یمانی سیاده‌) پێكهاتوون.

هه‌روه‌ها باس له‌ كێشه‌ و گرفته‌كانی به‌رده‌م پێكهێنانی حكومه‌تی عێراق و هه‌وڵه‌كانی نه‌هێشتنی به‌ربه‌سته‌كان و شكاندنی چه‌قبه‌ستوویی سیاسی كرا، كه‌ خۆی له‌ زنجیره‌یه‌ك دیدار و كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌ رۆژانی داهاتوودا ده‌بینێته‌وه‌.

هه‌وره‌ها جه‌خت كراوه‌ته‌وه‌، “داكۆكی له‌ ته‌واوی مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێم و جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140 و دروستكردنی دامه‌زراوه‌ ده‌ستوورییه‌كان ده‌كه‌ین، له‌وانه‌ش: ئه‌نجومه‌نی فیدراڵ و دامه‌زراندنه‌وه‌ی دادگای فیدراڵ به‌گوێره‌ی ده‌ستوور و دانانی یاسای نه‌وت و غاز.

له‌ ته‌وه‌ری دووه‌می كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باسی بارودۆخی ناوخۆی كوردستان كرا و تیشك خرایه‌ سه‌ر هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانی پارتی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان بۆ كۆبوونه‌وه‌ و سه‌ردانیكردنی ته‌واوی لایه‌نه‌كان، به‌وانه‌شه‌وه‌ كه‌ هیچ كورسییه‌كیان له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقیش به‌ده‌ستنه‌هێناوه‌ و مافی به‌شداریكردنیان له‌ بڕیاری سیاسی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵ هه‌یه.

هه‌وره‌ها دووپاتكراوه‌ته‌وه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌باش زانرا، هه‌وڵه‌كان بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی بارودۆخ و لێكتێگه‌یشتنی و چاره‌سه‌ری گرفته‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی چڕبكرێنه‌وه‌‌، هه‌روه‌ها له‌پێناو تێپه‌ڕاندنی ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییانه‌ بۆ سه‌رووی به‌رژه‌وه‌ندیی حزبی. هه‌وره‌ها داواشی له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان كرد، هه‌وڵی له‌یه‌ك نزیكبوونه‌وه‌ كاری هاوبه‌ش بده‌ن.

هه‌رچی ته‌وه‌ری سێیه‌م بوو، تایبه‌ت بوو به‌ دۆخی ناوچه‌كه‌ به‌ گشتی و جه‌خت له‌سه‌ر به‌رده‌وامیدان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ له‌سه‌ر بنه‌مای پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی دوولایه‌نه‌ و له‌به‌رچاوگرتنی ئاسایش و سه‌قامگیری كوردستان و ئه‌و وڵاتانه‌ كرایه‌وه‌.

هه‌وره‌ها باسی ئه‌وه‌ش كرا، كه‌ نابێت لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان ببنه‌ هۆكاری دروستكردنی كێشه‌ و گرفتی سیاسی و ئابووری بۆ هه‌رێمی كوردستان و پێویسته‌ ره‌چاوی بارودۆخه‌كه‌ بكه‌ن.

سه‌باره‌ت به‌ ته‌وه‌ری چواره‌م، تایبه‌ت بوو به‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و جه‌خت له‌ به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ له‌كاتی خۆیدا كرایه‌وه‌ و پێداگیری له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرا، كه‌ ده‌بێت په‌رله‌مانی كوردستان له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌ ئه‌ركی خۆی هه‌ڵسێت و كۆمسیۆن كارا بكرێته‌وه‌، له‌ هه‌مان كاتدا داواش له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كرا، را و بۆچوونه‌كانیان له‌یه‌كتر نزیك بكه‌نه‌وه‌ و به‌ جۆرێك له‌ رێككه‌وتن بگكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی په‌رله‌مان په‌كنه‌خرێت.

له‌ ته‌وه‌ری پێنجه‌مدا كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی پشتوانی خۆی بۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پرۆسه‌ی چاكسازی حكومه‌ت راگه‌یاند.

له‌ ته‌وه‌ری شه‌شه‌مدا گفتوگۆ له‌ دۆخی ناوخۆی پارتی كرا و دوای هه‌ڵسه‌نگاندن و لێكدانه‌وه‌ی هه‌ل و مه‌رجه‌كان، ئه‌م بڕیارانه‌ی خواره‌وه‌ی ده‌ركرد:

1- پڕكردنه‌وه‌ی بۆشایی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی، كه‌ سێ له‌ ئه‌ندامه‌كانی كۆچی دواییان كردووه‌، بۆیه‌ بڕیاردرا سێ ئه‌ندامی دیكه‌ی یه‌ده‌گ شوێنی ئه‌وان بگرنه‌وه‌.

2- به‌ستنی كۆنگره‌ی چوارده‌هه‌می پارتی له‌ وه‌رزی پایزی ئه‌مساڵ، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ده‌سه‌ڵاتی ته‌واو به‌ مه‌كته‌بی سیاسی درا، بۆ پێكهێنانی لیژنه‌ی ئاماده‌كار و لیژنه‌كانی دیكه‌، به‌گوێره‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی پارتی.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی:

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان: