نووسینگەی پارێزگاری هەولێر راگه‌يێندراوێكى بڵاو كرده‌وه‌

نووسینگەی پارێزگاری هەولێر راگه‌يێندراوێكى بڵاو كرده‌وه‌ و تێدا ئامادەکاری و ئه‌و پلانانەی بۆ سێ ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز دانرا بوو خستۆته‌ روو.
له‌ نوسراوەکەی نووسینگەی پارێزگاری هەولێر راى گه‌ياندووه‌:” بەپێی ئەو ئامادەکاری و پلانانەی بۆ سێ ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، بەسەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر لەلایەن لێژنەی ئەمنی پارێزگای هەولێر ئامادەکرابوو، بەمەبەستی پاراستنی ئارامی و ئاسایش شار و سەروماڵ و سەلامەتی گیانی هاوڵاتییانی سنووری پارێزگاکەمان، پلانەکە وەکوخۆی و بەسەرکەوتووی و بەبێ گیر و گرفت جێبەجێکرا.
به‌پێ ى راگه‌ێندراوه‌كه‌ ئاماری گشتیی ڕووداوەکانیش لە ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزی ئەمساڵ، لەسنووری پارێزگای هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بەمشێوەیەی خوارەوە بووە:-
یەکەم/ پۆلیس:-
سەبارەت بە پلانی ئەمنی و ئامادەباشی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر، بەبەشداری سەرجەم هێزەکان لەهەموو بەش و هۆبەکانی بەڕێوەبەرایەتی ناوبراو لەهەرسێ ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، وەک چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بەسەرکەوتووی جێبەجێکران، ئاماری تاوانەکانیش لەڕۆژانی جەژن بەمشێوەیەی بوو، (38) تاوان تۆمارکراوە، (33) تاوان ئاشکراکراوە، (5) تاوانیش لە ژێرلێکۆڵینەوە دایە.
دووەم/ هاتووچۆ:-
سەبارەت بەپلانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، وەک چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بەسەرکەوتووی جێبەجێکران، بەڵام بەداخەوە بەهۆی پابەندنەبوونی شوفێران بەڕێنمایی و یاساکانی هاتووچۆ و لێخوڕینی خێرا، (10) ڕووداوی هاتووچۆ ڕوویاندا و لەئەنجامیاندا (13) کەس برینداربون و (2) کەسیش گیانیان لەدەستدا.
سێیەم/ بەرگری شارستانی:-
تەواوی بنکەکانی بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز لە ئەرک دابوون، لەوماویەشدا (6) حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە هەبووە، سەرجەم حاڵەتی ئاگرکەوتنەوەکانیش لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە کۆنترۆڵکراون و خۆشبەختانە جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانیان لێنەکەوتۆتەوە.
چوارەم/ گەشتوگوزار:-
سەبارەت بەپلانی گەشتوگوزار، بۆ ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، وەک چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بەسەرکەوتووی جێبەجێکران، وەک دانانی لیژنەی تایبەت بۆ دابین کردنی خزمەتگوزاری پیویست بۆ گەشتیاران لە بازگەکان و دابەشکردنی ژمارەی تەلەفۆنی لیژنەکان بەسەر گرووپە گەشتیارییەکان و گەشتیاران بۆ ئەوەی ھاوکاربین بۆ چارەسەرکردنی هەر رووداوێك یان گیروگرفتێك. هەروەها دابینکردن و دانانی ئاوی خواردنەوە و پێدانی شیرینی و ڕێنمایی پیویست بە گەشتیاران لە دەروازەکانی شاری ھەولێر و پێکھێنانی لێژنەی تایبەت بۆ بەدواداچوون لە ڕەوشی گەشتیاران لە بنکە گەشتیارییەکان بەمەبەستی دڵنیابوون لەپێشکەشکردنی خزمه‌تگوزاری تەواو بە گەشتیاران لە بنکە گەشتیارییەکان، ئەمەجگە لەئاگادارکردنەوەی سەرجەم ڕێستوڕانتەکان و پێدانی ڕێنمایی لە کردنەوەی ریستۆرانتەکانیان بۆ پیشوازیکردن لە گەشتیاران لە رۆژانی جەژنی رەمەزانی پیرۆز و چاودێریکردنی نرخ لە بنکە گەشتیارییەکان. ژمارەی ئەو گەشیارانەشی تەنها لە ڕۆژانی پشووی جەژن سەردانی هەولێر پایتەختیان کردووە بریتی بوو لە( 138،112)سەد و سی و هەشت هەزار و سەد و دوازدە گەشتیار.
نووسینگەی پارێزگاری هەولێر ده‌شلێت:” ویڕای دەستخۆشیمان لەهێزە ئەمنیەکان و تیمەکانی تەندروستیی و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و سەرجەم قائیمقامیەت و ناحییەکان بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان لەسێ ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، جارێکی تر هاوڵاتییانی خۆشەویستی هەولێر دڵنییا دەکەینەوە، وەک هەمیشە لەخزمەتی ئێوەدا دەبین و بەهەموو توانایەکمانەوە بەپشت بەستن بەتوانا و چاووکراوەیی هێزە ئەمنیەکانی ناوخۆ، شەو ڕۆژ دەخەینە سەریەک بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایش شار و سەروماڵ و سەلامەتی گیانی هاوڵاتییانی سنووری پارێزگاکەمان.

ھەواڵی زیاتر