گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگریی رووسیا، ئیگۆر كۆناشینكۆڤ رایگه‌یاند، سێ فڕۆکەی جەنگیی جۆری Su-24، Su-27 و Su-25ی ئۆکراینایان خستووەتە خوارەوە.
ئیگۆر كۆناشینكۆڤ لەبارەی چالاکییەکانی سوپای رووسیا لە جەنگی ئۆکراینا رایگەیاند کە هێرشەکانیان لە ئۆکراینا بەردەوام دەبن و ژمارەیەک عەمباری سووتەمەنی، جبەخانە و ئۆتۆمبێلی سوپای ئۆکراینایان لەناوبردووە.
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگریی رووسیا ئاماژەی بەوە دا کە سێ فڕۆکەی جەنگیی جۆری Su-24، Su-27 و Su-25ی ئۆکراینایان خستووەتە خوارەوە و گوتی: “سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی رووسیا لە دەورووبەری دوورگەی زمەینی فڕۆکەیەکی جۆری Su-24 و لە دەورووبەری ئینگولەتس لە ناوچەی خێرسۆن فڕۆکەیەکی جۆری Su-27، هەروەها لە دەورووبەری کۆشەڤۆیە لە ناوچەی دنیپرۆ فڕۆکەیەکی جۆری Su-25 خستووەتە خوارەوە، هەروەها لە ناوچەکانی دۆنێتسک، لوگانسک، خێرسۆن و خارکێڤ 14 فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئۆکراینا کراونەتە ئامانج.
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگریی رووسیا سه‌رنجی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ی كه تا ئێستا سوپای رووسیا 149 فڕۆكه، 112 هێلیكۆپته‌ر، 288 سیسته‌می مووشه‌كی به‌رگریی ئاسمانیی، 726 فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وان، دوو هه‌زار و 834 زرێپۆش و تانك، 325 مووشهكهاوێژی فرهلووله، هەزار و 306 گولـله تۆپ و گولـله هاوەن و دوو هه‌زار و 646 ئۆتۆمبێلی سه‌ربازیی ئۆكراینایان تێكشكاندووه