هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی جه‌ژنى ڕه‌مه‌زانى پیرۆز 

هاتنه‌وه‌ى جه‌ژنى ڕه‌مه‌زان به‌ گه‌رمى له‌ هه‌موو موسڵمانان له‌ كوردستان، عیراق و جیهان پیرۆز ده‌كه‌م. هیواى جه‌ژن و پشوویه‌كى ئارام و ئاسووده‌ بۆ هه‌مووان ده‌خوام.

جه‌ژن له‌ كاتێكدا‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ دۆخى عیراق و هه‌رێمى كوردستان ئه‌وپه‌ڕى پێویستى به‌ مانا و به‌هاكانى جه‌ژنه‌ له‌ لێبورده‌یى، ئاشته‌وایى، به‌خۆداچوونه‌وه‌ و پێكهاتنه‌وه‌. بۆیه‌ با هه‌موومان ئه‌م جه‌ژنه‌ بكه‌ینه‌ ده‌رفه‌تێك بۆ هاریكارى و لێكگه‌یشتن، تا له‌سه‌ر ئاستى عیراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ست له‌ناو ده‌ست، قه‌یران و ئاڵۆزییه‌كان تێپه‌ڕێنین و قۆناغێكى تازه‌ى پێكه‌وه‌یى ده‌ستپێ بكه‌ین، ده‌سكه‌وته‌كان و ئێستا و داهاتووى هه‌رێمى كوردستان بپارێزین.

له هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌موو كاتێك زیاتر پێویستیمان به‌ پێكه‌وه‌یى، ته‌بایى و یه‌كڕیزییه‌‌. بۆیه‌ داوا له‌ پارتى و یه‌كێتى وه‌ك دوو هێزى سه‌ره‌كى و هه‌موو لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان ده‌كه‌م جه‌ژن بكه‌نه‌ ده‌رفه‌تێك و له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌رژه‌وه‌ندیى باڵاى گه‌ل و وڵات، هه‌رچى كێشه‌ و ناكۆكى هه‌یه‌ به‌لاوه‌ بنێن، خۆیان له‌ هه‌ڵمه‌ت و په‌لامارى میدیایى و یه‌كترشكاندن بپارێزن. پێكه‌وه‌، یه‌كڕیز و ته‌با، هاریكار و هاوئاهه‌نگ بن تا له‌سه‌ر ئاستى عیراقیش پێگه‌ و ڕۆڵ و كاریگه‌رییان هه‌بێت.

با جه‌ژن بۆ هه‌مووان له‌ هه‌رێمى كوردستان و عیراق ببێته‌ مایه‌ى خێر و خۆشى و كردنه‌وه‌ى ده‌رگایه‌كى ئاسووده‌یى و ئارامى و سه‌قامگیرى. جه‌ژن له‌ هه‌مووان پیرۆز بێت، هه‌موو ساڵێك به‌ خۆشى.

نێچیرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردسان

٢٠٢٢/٥/١