هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

نێچیرڤان بارزانی: دەبێ ئەوپەڕی ڕێز لە مافەكانی كرێكاران بگیرێت 

نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە‌ رۆژى جيهانيى كرێكاران پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، کرێکاران رۆڵى به‌رچاويان له‌ پرۆسه‌ى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و گه‌شه‌پێدانى وڵاتدا هەیە.

لە پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هاتووە، “يه‌كى ئايار، ڕۆژى جيهانيى كرێكاران به‌ گه‌رمى له‌ ته‌واوى كرێكارانى كوردستان، سه‌نديكا و رێكخراوه‌كانيان و له‌ كرێكارانى عێراق و جيهان به‌گشتى، پيرۆز ده‌کەم و ده‌ستى كار و كۆششيان ده‌گوشم، به‌ ڕێز و پێزانينه‌وه‌ له‌ ئه‌رك و ماندووبوون و ڕۆڵيان ده‌ڕوانم و هيواى سه‌ركه‌وتنيان بۆ ده‌خوازم.”

نێچيرڤان بارزانى لە پەیامەکەیدا ئەوە دەخاتەڕوو، كرێكاران وه‌ك توێژێكى گرنگ و كاريگه‌رى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردستان، وێڕای قوربانیدان و به‌شداريى كارايان له‌ خه‌بات و پێشمه‌رگايه‌تيدا، هه‌ميشه‌ ڕۆڵى به‌رچاويان له‌ پرۆسه‌ى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و گه‌شه‌پێدانى وڵاتدا هه‌يه‌. ده‌بێت ئه‌وپه‌ڕى ڕێز له‌ مافه‌كانيان بگيرێت، ژيان و شكۆيان پارێزراو بێت، ڕێكخراو و سه‌نديكاكانيان چالاك و ڕێكخراوتر بن بۆ ئه‌وه‌ى پارێزه‌رى باشترى ماف و شايسته‌كان و كاژێره‌كانى كاركردنيان بن و مسۆگه‌رى ئه‌وه‌ بكه‌ن كه‌ كرێكاران له هه‌لومه‌رج و ژينگه‌ى دروستدا كار ده‌كه‌ن.

نێچيرڤان بارزانى راشیگەیاند، له‌م ياده‌دا جه‌خت له‌ پشتگيريمان بۆ هه‌موو ماف و داوا‌ ره‌واكانى كرێكاران ده‌كه‌ينه‌وه‌‌، دامه‌زراوه‌ و لايه‌نه‌ په‌يوه‌نداره‌كانى هه‌رێمى كوردستانيش له‌سه‌ريانه‌ له‌ چوارچێوه‌ى ياساكاندا ره‌چاوى ژيان و گوزه‌رانى كرێكارانى كوردستان بكه‌ن، هه‌وڵى باشتركردنيان بده‌ن و چاودرێريى خێزانى ئه‌و كرێكارانه‌ بكه‌ن كه‌ له‌ كاتى كاركردندا گيانيان له‌ده‌ستداوه‌.