کەسێک لە هەولێر خۆی دەکات بە پارێزەر و فێڵ لە خەڵک دەکات

هێزەکانی پۆلیس لە هەولێر دوو باندیان دەستگیر کرد، لەنێویاندا کەسێک هەیە خۆی کردووە بە پارێزەر و فێڵی لە خەڵک کردووە.

هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: “دوو باندمان دەستگیر کردووە شەش کەسن واتا هەر باندەی سێ کەس بوون، یەکێک لەو باندانە 25 ماتۆڕسکیلیان دزیووە. تاوانی دووەم کەسێکی خەڵکی دەرەوەی هەولێر هاتووەتە هەولێر و لە یەکێک لە هۆتێلەکان ژیاوە و خۆی کردووە بە پارێزەر و فێڵی لە چەند هاووڵاتییەک کردووە”.

گوتیشی: “ئەو کەسە بە خەڵکی گوتووە بە بڕێک پارە منداڵەکانتان لە دامودەزگاکان بۆ دادەمەزرێنم، پاش ئەوەی ئەو کەسانە هاتنە لامان و سکاڵایان تۆمار کرد لێکۆڵینەوەمان دەستپێکرد، لە بۆسەیەکدا ئەو کەسەمان دەستگیرکرد، ئەو عەبای پارێزەری لە کەسێکی دیکە وەرگرتبوو، ئەو کەسەش دراوەتە دادگا”.

سەبارەت بەو باندەی ماتۆڕسکیلیان دزیوە، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر روونیکردەوە: “زۆربەی ئەندامانی ئەو باندە ماددەی هۆشبەریان کێشاوە، بۆ دەستکەوتنی پارە دزیان کردووە، لەکاتی دەستگیرکردنیان دەستبەسەر چەک و بڕێک ماددەی هۆشبەردا گیراوە ، تەنانەت یەکێک لەو کەسانە لەسەر ماتۆڕسکیل جانتای ئافرەتانی دزیوە لە بازاڕی هەڤاڵان”.

ھەواڵی زیاتر