بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێم کارەکانی نۆژەنکردنەوەی ڕێگەی چۆمان- حاجی ئۆمەران تەواو دەکرێت

بەڕێوەبەری شارەدێی حاجی ئۆمەران ڕایگەیاند، دوای وەستانی کاری نۆژەنکردنەوەی ڕێگەی چۆمان-حاجی ئۆمەران بۆ ماوەی چەند ساڵێک بەهۆی قەیرانی داراییەوە، بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەزووترین کات کارەکانی نۆژەنکردنەوەی ڕێگەکە تەواو دەکرێت.  

عەبدولوەهاب مەحموود بەڕێوەبەری شارەدێی حاجی ئۆمەران لەبارەی ڕێگەی دووسایدی چۆمان-حاجی ئۆمەران ڕایگەیاند: درێژی ڕێگەکە 16 کیلۆمەتر و 665 مەترە، لە مانگی 4ی ساڵی 2011 دەست بەکاری نۆژەنکردنەوەی کرا، پێویستبوو بە کەمتر لە ساڵێک کارەکانی پڕۆژەکە بە کۆتا بهاتبا، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە کاری پڕۆژەکە وەستا.

ڕاشیگەیاند:  گوژمەی پڕۆژەکە 52 ملیار و 300 ملیۆن دینارە، پێشتر لەلایەن ئەو کۆمپانیایەی کاری تێدا دەکرد 40%ی پڕۆژەکە تەواو کرابوو، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایییەوە 60% بە تەواو نەکراوی جێهێڵرابوو.

ئاماژەی بەوە دا کە ئێستا لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بڕیار درا دەست بەکارەکانی پڕۆژەکە بکرێتەوە، ئەو بەشەی کە ماوە بەزووترین کات تەواو بکرێت.

بەڕێوەبەری شارەدێی حاجی ئۆمەران جەختیشی کردەوە کە بڕیارە لە سەرەتای مانگی داهاتوودا دەست بە کارەکانی پڕۆژەکە دەکرێتەوە و لەنزکترین کاتدا تەواو دەکرێت.

جێی باسە تەواوبوونی ڕێگەکە دەبێتە هۆی بەرفراوانی و زیادبوونی جموجوڵی بازرگانی و ئاسانکاری زیاتر و خێرایی  لە هاتووچۆی بارهەڵگرەکان لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران.

ھەواڵی زیاتر