ڕوونکردنەوەیەک لە گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەوە

گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی لەبارەی هەواڵێکی سایتی دیجیتاڵ میدیای SNN بڵاوکردەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 24/4/2022، سامان سیوالی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاندووە: “سایتی دیجیتاڵ میدیای SNN دوور لە ئیتیکی رۆژنامەوانی هەواڵێکی چەواشەکارانەی بڵاوکردۆتەوە کە (پارتی بە نهێنی 41 کەسی دیکەی لە دهۆک دامەزراندووە) و (پارتی داوای لە وەزیری پەروەردە کردووە ڕەزامەندی بدات بە دامەزراندنی 41 مامۆستای وانەبێژ….)، بەهەموو لایەکی رادەگەیەنین ئەو هەواڵە ناراستە و بێ بنەمایە، سایتی ناوبراو دەبێت بەڵگەکان پێشکەشی دادگا بکات، ئێمە لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای یاساییان لەسەر تۆمار دەکەین”.

ئاماژە بەوەش دراوە: “ئەو 41 مامۆستا و فەرمانبەرە زیاتر لە 8 ساڵە لە سەر بودجەی پارێزگای دهۆک گرێبەستیان بۆ کراوە و لە چەند پەروەردەیەکی سنووری پارێزگای دهۆک وەک مامۆستا و فەرمانبەر خزمەت دەکەن ئێستا گریبەستەکەیان خراوەتە سەر وەزارەتی پەروەردە، واتە هیچ یەک لەو مامۆستا و فەرمانبەرانە نوێ نین و تەنانەت یەکەمجاریشیان نییە بێنە ناو کەرتی پەروەردە بەڵکو چەندان ساڵە لە قوتابخانەکان دەوام دەکەن، تەنها گرێبەستی پارێزگابوون و لە ئێستا بونەتە گرێبەستی وەزارەت”.

ھەواڵی زیاتر