لەنێوخۆدا پێشوازی لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت

ڕائیب جادر – هەولێر

بۆ ماوەی سێ ڕۆژ سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەریتانیا چەندین دیداری گرنگی لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە كرد. چاودێران ھەنگاوەکانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بە گرنگ دەزانن. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، کوردستان بۆتە ژمارەیەکی بەھێز لە نەخشەی وزەی جیهان، بۆ خزمەتکردن و بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان سەرۆکی حکوومەت ھەموو ئەگەرەکان دەگرێتە بەر و لە ماوەیەکی نزیکدا کاردانەوەی سەردانەکەی بۆ بەریتانیا بە دیار دەکەوێت و، دۆخی ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانی کوردستانیش بەھێزتر لە جاران دەبێت.

مەسرور بارزانی، لە بەریتانیا چاوی بە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، بۆریس جۆنسن کەوت، بەپێی دەستووری بەریتانیا سەرۆکوەزیران یەکەم دەسەڵاتی جێبەجێکردنی وڵاتە و بەبێ گەڕانەوە بۆ ھیچ دامەزاروەیەک دەتوانێت بڕیار بدات، دواتر سەرۆکوەزیرانی کوردستان لەگەڵ کواسی کوارتینگ، وەزیری کاروباری وزە و بازرگانیی بەریتانیا کۆ بووەوە، ئەم کۆبوونەوەیە گرنگ بوو، چونکە بەشێکی قورسایی سەردانەکە بابەتی وزەی کوردستان بووە لە داھاتووی ناوچەکە، دواتر مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە لەندەن لەگەڵ ئەماندا میلینگ، وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری ئاسیا و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کۆبووەوە،‌ ئەوەی گرنگە لەوێ کاربەدەستانی بەریتانیا پشتیوانییان لە ھەنگاوەکانی چاکسازیی حکوومەتی ھەرێم کرد و باسی پرسی کۆچبەران و بابەتی دیکەی گرنگ کرا. هەر ئەو ڕۆژە مەسرور بارزانی لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ شانشینی یەکگرتوو، لە شاری لەندەن لەگەڵ لیز ترەس، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا کۆ بووەوە و دواتر چاوی بە ھەریەکە لە نەدیم زەھاوی، وەزیری پەروەردەی بەریتانیا و باڵیۆزی عێراق لە بەریتانیا کەوتووە.
بەریتانیا وڵاتێکی گرنگە، لە ھەرێمی کوردستان ڕۆڵی کاراو کاریگەری ھەیە، ھەر لە ساڵی ١٩٩١ بەدواوە، بەریتانیا یەکێک بوو لەو وڵاتانەی کە ناوچەی ئارامی لە ھەرێمی کوردستان دروست کرد، ڕۆڵی بەریتانیا تا ئێستاش بەردەوامە، لە دوای ٢٠٠٣ و ڕزگارکردنی عێراق، ڕۆڵی بەریتانیا زیاتر و بەھێزتر بوو، لە کاتی شەڕی داعش بەشێکی گرنگ بوو لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی کە ھاوکاری ھەرێمی کوردستانیان کرد.
بەریتانیا ١٠٠ سەربازی لە عێراق ھەیە، بەڵام سەرچاوە نافەرمییەکان باس لەوە دەکەن ژمارەی سەربازان و ڕاوێژکارانی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان زۆر لەو ژمارەیە زیاترە، سەرۆک وەزیرانی ئێستای بەریتانیا و حاکمی ئەو کاتی لەندەن لە گەرمەی شەڕی داعشدا سەردانی ھەرێمی کوردستانی کرد، ئەوەش دەرخەری ئەوەیە کە ھەرێمی کوردستان لە پەڕەپێدانی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی لەسەر ھێڵێکی ڕاست دەڕوات.
لە ماوەیەکی کەمدا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مانۆڕێکی بەھێزی کرد بۆ ئەوەی کوردستان لە نەخشەی وزەی جیهاندا بکاتە ژمارەیەکی پێوانەیی و تا دێت دەرەنجامی ھەوڵەکان دەبینرێن، لە دوو ھەفتە پێش ئێستا لە کۆڕبەندی جیهانیی وزە لە دوبەی کۆمپانیاکانی بواری نەوت و گاز دڵنیاییان دایە جیهان کە لە چوارچێوەی سیاسەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاشکرایان کرد کە سەرچاوەکانی وزە نەوت و گاز لە کوردستان توانایان ھەیە لە ماوەیەکی دیاریکراودا ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت لە ٥٠٠ بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرز بکەنەوە بۆ یەک ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا و ئەم زیادکردنەش بەردەوامی دەبێت ھەتا دەگاتە ١.٥ ملیۆن لە ڕۆژێکدا، مانۆری سەرۆکی حکوومەت بۆ بەکارخستنی نەوت و گازی کوردستان لەسەر نەخشەی جیهان سەرنجی کۆمپانیا گەورەکانی جیهانی ڕاکێشاوە، لە سەرەتای کابینەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بەڵێنی چاکسازی درایە سەرجەم سێکتەرەکان، لەوانەش کەرتی نەوت و گاز، ئەمە فاکتەری گرنگن بۆ ئەوەی کۆمپانیاکان کاری وەبەرھێنان لە کوردستان بکەن.
د.ھەوار نێروەیی، ڕاگری کۆلێژی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی دھۆک، بۆ “ھەولێر” دەڵێت: “ھەرێمی کوردستان بەشێکە لە نەخشەی داھاتووی جیهان لە ‌بواری وزە، لە ھەرێمی کوردستان بەھۆی هەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە سەرچاوەی سرووشتی وەکو نەوت و غاز پێگەیەکی گرنگی لەناوچەکە ھەیە، شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیا وای کردووە کە ئەورووپا بەدوای بەدیلێکی دیکەدا بگەڕێت بۆ دابینکردنی نەوت و غاز، بەتایبەتی غاز، ئەو جموجۆڵەی ھەیە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، سەردانی سەرۆکی حکوومەت، بۆ وڵاتانی کەنداو، دواتر تورکیا و ئێستاش بەریتانیا، ئەوە دەگەیەنێت کە حکوومەتی ھەرێم پێگەیەکی گرنگی ھەیە، ئەگەر کورد بتوانێت بەرژەوەندیی سیاسی دروست بکات، ئۆتۆماتیکیەن بەرژەوەندیی نەتەوەیی و نیشتمانی پارێزراو دەبن و گەشەی زیاتریان پێ دەدرێت.
راگری کۆلێژی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی دھۆک، ئاشکراشی کرد:”یەکێتی لە دەستەڵاتە، ھەر کاتێک سەرۆکی حکوومەت سەردانی وڵاتێک بکات، ئەندامانی یەکێتی لە حکوومەت لەگەڵ شاندەکە بوونە، کەچی بەردەوام ڕەخنە دەگرن، لێرەدا یەکێتی سیاسەتی دووفاقی دەکات و چاوی بەو سەردان و پێشکەوتنانەی ھەرێم ھەڵنایەت، ئەوەش ھیچ بەھایەکی نابێت، لە ھەڵبژاردنەکان ڕادیارە لە ھەڵبژاردن بۆ ھەڵبژاردنێکی دیکە ڕێژەی بە دەستھێنانی دەنگ و کورسی چۆنە، ئەوەش باشترین بەڵگەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ھەبوونی گوتارێکی یەکگرتوو لە نێوان لایەنەکان مەرجی پێشوەختە بۆ دەستکەوتەکانی دیبلۆماسی کە دەمێکە دەستی پێ کردووە.
ئیسماعیل ئیبراھیم، بەرێوەبەری دەزگای زاری کرمانجی، بۆ “ھەولێر” دیارکرد: “لە مێژووی نزیکی بەریتانیا ڕووینەداوە لە ڕۆژێکدا سەرۆکی ئەو وڵاتە و کابینەکەی بەم شێوازە گەرمە پێشوازی لە سەرۆکی وڵاتێک بکەن و لە ھەموو سەردانەکەشیان بە شێوازی لێوان لێو لە ڕەچاو کردنی تەواوی بنەماکانی پڕۆتۆکۆڵی بێت، بۆیە سەردانی کردنی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم بۆ بەریتانیا و شێوازی پێشوازی کردنەکەی، کۆمەڵێک ڕەھەند و پەیامی قوڵی گۆڕانکاری ناوچەیی و بەھێز بوونی پێگەی ھەرێمی لە پشتە، بە دڵنیاییشەوە لە ماوەیەکی نزیکدا کاردانەوەی سەردانی سەرۆکی حکومەت بۆ ئەو وڵاتانە و پێشتریش بۆ تورکیا و کەنداوی عەرەبی دەبینن و دۆخی ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانی کوردستانیش بەھێزتر لە جاران دەبێت. بەرێوەبەری دەزگای زاری کرمانجی، ڕوونیشی کردەوە: “لایەنە سیاسییەکان نین کە چاویان بە سەردان و پێشکەوتنەکانی ھەرێم ھەڵنایەت، بەڵکو وڵاتانی ھەرێمی و لایەنە سیاسییەکانی بەغدان کە لە مەزنایەتی ئەو سەردانە تێدەگەن، ھانی لایەنە سیاسییەکان و بەکرێگیراوانی خۆیان دەدەن کۆسپ بۆ ئەو جوڵە سیاسییانەی سەرۆکی حکومەت دروست بکەن، بۆیە نەچاویان پێ ھەڵدێ نە دەتوانن ڕێگری بکەن، لەبەر ئەوەی ھەنگاوەکانی مەسرور بارزانی، بە جیهانی کردنی ھەرێمە و وڵاتانی زڵھێزی ئابووری و سیاسی و سەربازی پێشوازیی لێ دەکەن”.

ھەواڵی زیاتر