شەممە, تشرینی دووه‌م 30, 2024

کونسوڵگەری گشتی بەریتانیا: شانشینی یەکگرتوو و ھەرێمی کوردستان پەیوەندی نزیکیان هەیە

کونسوڵگەری گشتی بەریتانیا لە هەولێر لە راگەیەندراوێکدا سەبارەت بە سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ بەریتانیا ئەوەی خستەڕوو کە،  وڵاتەکەیان پەیوەندیەکی نزیکیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی کونسوڵگەری گشتی بەریتانیا هاتووه‌: بەریتانیا و ھەرێمی کوردستانی عێراق پەیوەندی نزیکیان هەیە لە بوارەکانی پەروەردە، ئاسایش، تەندروستی و چەند بوارێکی دیکەش.

کونسوڵگەری گشتی بەریتانیا لە راگەیەنداوەکەیاندا باسیان لەوەش کرد، “پێشوازی کردن لە بەڕێز مەسروور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ شانشینی یەکگرتوو بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی ئەم بوارانە، زۆر نایاب بوو.”

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ پریتی پاتێل وەزیری ناوخۆی بەریتانیا
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ پریتی پاتێل وەزیری ناوخۆی بەریتانیا

رۆژی سێشەممە 19ی نیسانی 2022، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لەندەن لەگەڵ بۆریس جۆنسن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی بارودۆخی عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا تاووتوێ کرا.

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و بۆریس جۆنسن، هاوتا به‌ریتانییه‌كه‌ی
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و بۆریس جۆنسن، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا

سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ئاماژەی بە پەیوەندی دۆستانە و مێژوویی نێوان بەریتانیا و هەرێمی کوردستان دا و باسی لە سەردانی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان کرد و گوتی یەکێک بوو لە سەردانەکانم کە هەرگیز لە بیر ناکرێت و هیوادارم دەرفەتی ئەوەم هەبێت جارێکی دیکە سەردانی هەولێر بکەمەوە.

سەرۆک وەزیران بۆریس جۆنسن هەروەها ستایشی هەماهەنگیی و ڕۆڵی ئەرێنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی کرد لە چارەسەرکردنی پرسی کۆچبەران .

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سوپاسی هاریکاری و پشتیوانی بەریتانیا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی کرد کە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعش بەردەوامن لە هاریکاریکردنی هەرێمی کوردستان .