بەغدا لەسەر تۆمەتەکەی ئێران لە دژی هەولێر هیچ بەڵگەیەکی دەست نەکەوتووە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

دواین زانیارییەکان لە دەرەنجامەکانی راپۆرتی ئەو لیژنانەی لە بەغدا لێکۆڵینەوە لە رووداوی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر دەکەن، ئەو راستییە دەسەلمێنن، هیچ بەڵگەیەک لەبەردەستدا نییە تا ئەوە بسەلمێنرێ ئیسرائیلییەکان لە هەرێمی کوردستان چالاکییان هەیە و لایەنە عێراقییەکانیش دان بەو راستییە دەنێن.

لە بەرەبەیانی ١٣ی ئاداری ئەمساڵ ماڵێکی هەولێر کە ماڵی وەبەرهێنەرێکی ناسراوی شارەکە بوو بە ١٢ مووشەک کرایە ئامانج کە تەنیا زیانی مادی هەبوو و بە خۆشییەوە خۆی و هیچ کام لە ئەندامەکانی خێزانەکەی لە ماڵ نەبوون ئەگەرنا کارەساتێکی مرۆیی لێ دەکەوتەوە.
هەر زوو دوای بە ئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی هێرشە تیرۆریستییەکە بە بیانووی هەبوونی بنکەی ئیسرائیلی لە لایەن سوپای پاسداران، حکوومەتی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی رەت کردەوە و داوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی لایەنەکانی عێراقی کرد.
هەولێر پێشوازی لە تیمەکانی لێکۆڵینەوە لەو رووداوە کرد کە چ لە لایەن حکوومەتی عێراق و چ لە لایەن پەرلەمانی عێراق دامەزرابوون و تەنانەت لە لیژنەکاندا ئەندام و پەرلەمانتارانی ئەو لایەنانەش گونجێندرابون کە لە ئێرانەوە نزیکن بۆ ئەوەی راستی و دروستیی رووداوەکەیان بۆ دەرکەوێت.
دوێنێ دووشەم رۆژنامەی ”شەرق ئەوسەت” لە زاری چه‌ند به‌رپرسێكی عێراقی كه‌ نه‌یانویستووه‌ ناوه‌كانیان ئاشكرا بكرێت، ئاشکرای کرد لیژنه‌كەی عێراق‌ یه‌ك به‌ڵگه‌یشی ده‌ست نه‌كه‌وتووه لەوەی بسەلمێنرێت‌ باره‌گای هەر بنکەیەکی هەواڵگریی ئیسرائیلی لە هەرێمی کوردستان بوونی هەبێت.
باس لەوە کراوە ئێران خۆیشی لەم دواییانەدا پاشەکشەی لە هەڵوێستەکەی خۆی کردووە و بە عێراقییەکانی گوتووە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی لە ناو خاکەکەیدایە و لە جووڵەکانیان نیگەرانن بێ ئەوەی ئاماژە بە هیچ مەترسییەکی ئیسرائیلییەکان بکەن. ئەوەش دەری دەخات ئێران خۆیشی باوەڕی بە قسەکانی خۆی نییە.
یه‌ك لەو بەرپرسانەی زانیارییەکانی درکاندووە دەڵێت‌، به‌غدا داوای له‌ ئێران كردووه‌ سەبارەت بە بوونی باره‌گای هەواڵگری ئیسرائیل له‌ هه‌ولێر، به‌ڵگه‌ پێشکەش بکات بەڵام ئێران هیچ جۆرە بەڵگەیەکی نەخستووەتە ڕوو.
لە راپۆرتەکەدا باس لە قسەکانی ئیره‌ج مه‌سجێدی باڵوێزی پێشووی ئێران لە عێراق دەکات کە جگە لە تۆمەت بەخشینەوە هیچ بەڵگەیەکی پێشکەشی بەغدا نەکردووە و یەکێک لەو پەرلەمانتارانەی کە لە لیژنەی لێکۆڵینەوەدایە ئەوەی پشڕاست کردووەتەوە و سەرسوڕمانی خۆیشی لەوە دەربڕیوە لەوەی ئێران ئەو شوێنەی کردوویەتە ئامانج هی وەبەرهێنەرێکی کوردە کە کارەکانی لە چوارچێوەی یاساییدا دەکات.
پێدەچێت ئێران لەوە دڵنیا بێت لەو دۆسیەیەدا دەیدۆڕێنێت بۆیە هەر زوو گوشارە ناوخۆییەکانی بۆ سەر حکوومەتی عێراق زیاد کرد تا لە بردنی ئەم دۆسیەیە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پاشگەز ببێتەوە. هەفتەی رابردوو میدیاکانی عێراق رایان گەیاند حکوومەتی عێراق لە بردنی دۆسیەکە بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان پاشگەز بوۆتەوە.
دیار نییە دوای ئاشکرابوونی دەرەنجامی راپۆرتی لیژنەکانی لێکۆڵینەوە لەو رووداوە، حکوومەتی عێراق چ هەڵوێستێکی دەبێت کە بۆی دەرکەوتووە بە تۆمەتی ناڕەوا سەروەری خاکەکەی پێشێل کراوە.
لە کۆتایی مانگی رابردوو لە میانی بەشداریکردنی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پانێڵێکى کۆڕبەندى جیهانى بۆ حکومەتەکان بۆ پرسی دۆخى جیهان لەپاش قۆناخى نەوت، کە لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بەرێوەچوو، سەرۆکی حکوومەت هەر ئەوکات پەردەی لەسەر راستییەکان لادا و گوتی هێرشى مووشەکى ئێران بۆ سەر هەولێرى پایتەخت بۆ گوشار دروستکردن بوو لەبارەى پێکهێنانى حکومەتى نوێى عێراق کە بە ویستى کۆمارى ئیسلامیى ئێران نییە.
هۆکارێکى دیکەى ئەو هێرشە مووشەکییە کە سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی پێ کرد پرسى وزە بوو، هەرێمى کوردستان لە هەوڵى دۆزینەوە و پەرەپێدانی زیاترى کێڵگەى نەوت و گازى سرووشیتی دایە ئەوەش لەبەرژەوەندیى ئێراندا نییە.
هەر لە ماوەی رابردوودا بەرپرسێکی عێراقی ئاشکرای کردبوو، دەرەنجامی هەر دوو لێژنەی لێکۆڵینەوەی بەدواداچوونی پەرلەمان و حکوومەتی عێراق بەو دەرەنجامە گەیشتوون ئەوەی ئێران دەیڵێت دوورە لە راستییەوە.
ئاشکرایە ئێران کێشە و ناکۆکییەکی مێژوویی لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە و زۆر جار ئیسرائیلییەکان چ لە سووریا و چ لە ناوخۆی ئێران، گورزیان لە ئێران وەشاندووە و ئەگەر ئێران خوازیار بێت وڵامی ئەو هێرشانە بداتەوە پێویستی بە بیانوو و تۆمەت بەخشین بە کەسانی تر نییە و دەکرێ راستەوخۆ بیانکاتە ئامانج چونکە وەڵاتەکە ئەوەندە دوور نییە مووشەکەکانی ئێران پێی نەگات.

ھەواڵی زیاتر