بۆ چارەکردنی کێشەی کەمئاوی لە هاویندا، ١٣٨ بیری ئاو لە سنووری هەولێر لێدەدرێت

پار ساڵ، پاریزگای هەولێر بە گشتی بەهۆی کەم بارانی و وشکەساڵییەوە لە هاویندا تووشی گرفتێکی گەورەی کەمئاوی هات. بۆ چارەکردنی گرفتی کەمئاوی و دابین کردنی ئاوی خاوێنی ماڵان، حکوومەتی هەرێم ڕێگای جیاوازی گرتەبەر و دەزگای خێرخوازی بارزانیش هاوکارێکی گەورەی خەڵکی هەولێر بوو لە دابین کردنی ئاوی خواردنەوە.

بەڕێوبەرایەتیی ئاوی هەولێر، نایەوێت هەمان کێشە لە هاوینی ئەمساڵیشدا بەرۆکی پارێزگای هەولێر بگرێت. ئاری ئەحمەد قادر، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێم، لە لێدوانێکدا لەوبارەیەوە ڕایگەیاندووە؛ داواکاری لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاوی ھەولێر و دەوروبەری شاری ھەولێر پێشکەش کرابوو لە ڕێگەی پارێزگای ھەولێرەوە بەرز کرابووەوە بۆ لێدانی ١٣٨ بیری ئاو لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکانیان، بە گوژمەی تێچووی ٧ ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دینار و لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بڕەکە خەرج دەکرێت بۆ لێدانی بیرەکان، ئێستا ڕێکارەکان دەستیان پێ کردووە و لە تەندەراتدایە، لە ئایندەیەکی نزیکدا دەست پێ دەکرێت و بە ھاوینی ئەمساڵ ڕادەگات”.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەو پلانانەی دامانناوە وای لێ دەخوێنرێتەوە کە بە دڵنیایی کێشەی کەمئاوی لە ھەولێر و دەوروبەری کەم دەبێتەوە و ھەر نامێنێت، چونکە پلانێکی تۆکمە دانراوە بۆ ئەمساڵ، ساڵ بە ساڵ پلانەکان و کارەکان باشتر دەبن، ئەم بابەتانەی ئێستا باس کراون زیاتر لەبەر ھۆکارەکانی گیروگرفتەکانی پار بووە و ھەوڵ دراوە کەمترین زەرەر و زیان لە سێکتەری ئاو ھەبێت”.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ماوەی چەند ساڵێکە، بە تایبەت دوای زاڵبوون بەسەر قەیرانی داراییدا، هەوڵێکی ئێجگار زۆری داوە بۆئەوەی هاووڵاتیان لە بوونی خزموتگوزارییەکان بێ بەش نەبن و لەو پێناوەدا خەرجییەکی زۆری لە بواری دابین کردنی ئاو و کارەبا کردووە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند؛ پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە گوژمەی نزیكه‌ی 20 ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەكرێت و پرۆژەی ئاوی ڕانیە-حاجیاوا-چوارقوڕنە بە نزیكه‌ی 30 ملیۆن دۆلار جێبەجێ‌ دەكرێت. کە جێبەجێکردنی ئەو پرۆژانە کۆتایی بە قەیرانی ئاوی خاوێن دەهێنن بۆ ئەو سنوورە.

ھەواڵی زیاتر