ڕێبەر ئەحمەد: پێویستە پەلە بکرێت لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق

وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و كاندیدی هاوپەیمانی رزگاری نیشتمانی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق له‌ تویتێكدا رایگه‌یاند، پێویسته‌ په‌له‌ بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق بكرێت.

رێبه‌ر ئه‌حمه‌د، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و كاندیدی هاوپەیمانی رزگاری نیشتمانی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تویته‌ر رایگه‌یاند، “هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ ده‌ره‌نجامی داواكاری شه‌رعی و قوربانیدانی گه‌وره‌ بوو بۆ عێراق”.

رێبه‌ر ئه‌حمه‌د راشیگه‌یاند، “پێویسته‌ هه‌موولا رێزی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی 20ـی تشرینی یه‌كه‌می 2021 بگرین”. ده‌شڵێت: “بۆ جێبه‌جێكردنی داواكاری عێراقییه‌كان، په‌له‌ بكه‌ن بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومەت”.

پێشتر رێبه‌ر ئه‌حمه‌د، كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان دوای وه‌رگرتنی متمانه‌ی هاوپه‌یمانی سێقووڵیی “رزگاریی نیشتمانی” بۆ كاندیدكردنی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار رایگه‌یاند، “پێدانی ئه‌و متمانه‌یه‌ بۆ من جێگه‌ی شانازییه‌”.

رێبه‌ر ئه‌حمه‌د خاليد، له‌ جینۆسایدی بارزانییه‌كاندا باوك و كه‌سوكاری ئه‌نفال كراون و ته‌نیا رۆڵه‌ی بنه‌ماڵه‌كه‌یه‌تی رزگار بووه‌، دوای رزگاربوونی ئاواره‌ی ئێران بووه‌، له‌ دوای راپه‌ڕینی ساڵی 1991، بووه‌ته‌ ئه‌ندامی لیژنه‌ی راپه‌ڕاندنی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان، پاشان بووه‌ته‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی ناوه‌ندیی رێكخستنی پارتی.

له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومە‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ته‌ممووزی ساڵی 2019 تائێستا، رێبه‌ر ئه‌حمه‌د پۆستی وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكوومەتی هه‌رێم به‌ڕێوه‌ده‌بات، ئێستاش له‌لایه‌ن پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراق كاندید كرا.

ھەواڵی زیاتر