پرۆژەی ئاوی رانیە – حاجیاوا – چوارقوڕنە تەواودەکرێت

حکومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆژەی ئاوی رانیە – حاجیاوا – چوارقوڕنە تەواو دەکات، کە تێچووەکەی نزیکەی 30 ملیۆن دۆلارە و توانای بەرهەمهێنانی 3 هەزار مەتر سێجا ئاوی هەیە لە کاتژمێرێکدا.

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ (17ی نیسان/ ئه‌پرێلی 2022) لە راگەیەندراوێکیدا ئاشكرای كرد، كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە بایەخێكی زۆر بە پرۆژەكانی دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ هاووڵاتییان دەدات، بەوەی پرۆژە وەستاوەكان بەگەڕ دەخاتەوە و پرۆژەی نوێش جێبەجێ دەكات.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، لەم چوارچێوەیەدا بەمەبەستی پەرەپێدانی پرۆژەكانی ئاو لە سنووری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی راپەڕین، پرۆژەی ستراتیژی ئاوی رانیە، جاجیاوا، چوارقوڕنە بە گوژمەی 29،721،307 دۆلار تەواو دەكرێت.

ئاماژە بەوەشدراوە، پرۆژەكە بە تایبەتمەندی عێراقی و ستانداردی جیهانی، ئاوی زێی بچووك دەگوازێتەوە بۆ وێستگەی پاڵاوتنی پرۆژەكە، کە تا ئێستا 69%ی كارەكانی جێبەجێكراوە و بە تەواوبوونی پرۆژه‌كه‌ كێشەی كەمئاوی سنورەکە چارەسەر دەكات.

پرۆژەی ئاوی رانیە – حاجیاوا و چوارقوڕنە، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی راپەڕین سەرپەرشتی دەكرێت.

ھەواڵی زیاتر