نێچیرڤان بارزانی، ڕوانگەیەك بۆ چارەسەر

ئا – لوقمان مستەفا – هه‌ولێر

كتێبی “نێچیرڤان بارزانی. ڕوانگەیەك بۆ چارەسەر”، کۆکراوەی وتار و توێژینەوەی 16 کەسی نوسەر، توێژەری ئەکادیمی و رۆژنامەنوسە، هەریەکەو لە گۆشەیەکەوە لە میانی وتارەکانیان و توێژینەوەکانیان ئیشیان لەسەر سیاسەتەکانی سەرۆکی هەرێم سەرۆک نێچیرڤان بارزانی کردووە.

ئەم كتێبە لە ئامادەكردنی “نوری بێخاڵی”ـیە، ئەم كتێبە شرۆڤە و وتاری كۆمەڵێك توێژەر و نووسەر دەگرێتە خۆ، تێڕامانێكە لە دیدگای سیاسی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشێكیان پێشتر لە گۆڤار، ڕۆژنامە و ماڵپەرەكاندا بڵاوبوونەتەوە و بەشێكیشیان نوێن و بۆ ئەم كتێبە نووسراون. ئەم وتار و شرۆڤانە تیشكێكی زیاتر دەخەنە سەر ڕوانگە، ئامانج و باوەڕەكانی سەرۆكی هەرێم و دەروازەیەكی باشن بۆ سەردەرهێنان لە دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان و عێراق.
نووسەرەکانی كتێبی ”نێچیرڤان بارزانی. ڕوانگەیەك بۆ چارەسەر”، هەوڵی فراوانیان داوە بۆ سەر لەنوێ خوێندنەوەی ڕوانگەی سیاسی و دنیابینی و باوەڕەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان “نێچیرڤان بارزانی”. خوێندنەوەی ئەم كتێبە نەك هەر تەنیا ئاشناترمان دەكات بە جیهانبینی و باوەڕە سیاسییەكانی نێچیرڤان بارزانی، بەڵكو دەروازەیەكی نایابە بۆ تێگەییشتن لە ئێستای پێوەندی و پێگەی هەرێمی كوردستان لە عێراق، ناوچەكە و جیهان.
لە بارەی ئامانجی کتێبەکە نوری بێخاڵی، ئاماژەی بەوەكردووە: “یەکەمیان بە دۆکیۆمێنت کردنە، دۆکیۆمێنت کردنیش بەو مانایەی کە هەڵوێست و ئایدیاکانی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە روانگەی ئەو وتار و بەیاننامە، یاخود ئیڤێنتەکان و وتارەکانی خۆی لە کۆڕ و کۆبوونەو نێوخۆیی و عێراقی و نێودەوڵەتییەکاندا بەشداری کردووە. تێیدا هەڵوێستی خۆی و دیدگای خۆی و بۆچوونی خۆی تێدا دەربریووە، ئامانجمان لەوەیە بۆ ئەوانەی کە توێژەرن لە داهاتوو لە بیرکردنەوەی سیاسی هەرێمی کوردستان، بکۆڵنەوە ئەوەیان لە بەردەست دەبێت کە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم بووە بیرکردنەوە و مامەڵەی چۆن بووە، تەواوی پرس و بابەتەکانی ئابوری و کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان”.

نێچیرڤان بارزانی، لە سەردەمێكدا ئەركی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانی لەئەستۆ گرت، كە گۆڕان بەسەر هاوكێشە سیاسییەكان و چەمكەكانی ئاسایش و بەرژەوەندیی لە ناوچەكە و جیهاندا هاتبوو. نائارامییەكانی دوای بەهاری عەرەبی و شەڕی داعش و پەتای كۆرۆنا، بەرژەوەندیی وڵاتانی ناوچەكە و جیهان. هاوكات دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بە قۆناغی دژواردا تێدەپەڕی، كە ناكۆكی و لێكترازانی زیاتری لێ كەوتبووەوە و قەیرانگەلێكی هەمەلایەنەی هێنابووە ئاراوە. هەموو ئەمانە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانیان ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی قوڕس كردبووەوە، بەجۆرێك پاراستن و هێشتنەوەی هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی فیدراڵ لەناو عێراقدا و ڕاكێشانی ڕایەڵەیەك بۆ لێكگەیشتن لە نێوان هەولێر و بەغدا، دوورخستنەوەی هەرێم لەبەریەككەوتنی هێزە جیهانی و ناوچەییەكان، پێویستی بە ستراتیژ و بەرنامەیەكی سیاسی ورد بوو.
لە دۆخێكی وەها ئاڵۆز و قەیراناویدا، سەرۆكی هەرێمی کوردستان، ڕێكارێكی ڕوونی بۆ مامەڵە لەسەر سێ ئاستدا گرتە بەر : لەسەر ئاستی ناوخۆ، سیاسەتی كۆكەرەوانە و خاوكردنەوەی ناكۆكییەكانی نێوان لایەنەكانی پەیڕەوكرد. لەسەر ئاستی عێراق، سیاسەتی دانوستان لەسەر بنەمای لێكگەیشتنی نوێ. لەسەر ئاستی دەوروبەر و جیهانیش، سیاسەتی پەرەپێدانی هاوپەیمانی، ڕوانگەی هاوبەش و دۆستایەتی گرتەبەر.
نوری بێخاڵی ئامادەکاری کتێبەکە، دەشڵێت: “کتێبەکە یەکەم بەرگیەتی بەرگی تریشی بەدوادا دێت پڕۆژەکە زۆر لەوە فراوانتر دەبینرێن، هاوکات بەرگەکانی تر بۆ نووسەرە عەرەبەکانە لەبارەی سیاسەتەکانی نێچیرڤان بارزانی، بەرگێکی تریشمان بە ئینگلیزی دەبێت بە هۆی ئەوەی کۆمەڵێک کەسانی بیرمەندن بۆ ئەوانیش بەرگێک ئامادە دەکەین و سەرقاڵی ئامادەکردنی ئەو بەرگەین”.

ھەواڵی زیاتر