ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر، په‌یامێكی لە ساڵیادی کیمیاباران کردنی بالیسان و شێخ وەسان و دۆڵی خۆشناوەتی بڵاوكرده‌وه.
ده‌قی په‌یامی پارێزگاری هه‌ولێر:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
لەیادی 35 ساڵەی کیمیاباران کردنی بالیسان و شێخ وەسان و دۆڵی خۆشناوەتی، سه‌ری ڕێز و نه‌وازش بۆ شه‌هیدانی ئه‌و دەڤەرە دادەنوێنین کە لە ئێواره‌ی ڕۆژی 16ی نیسانی 1987، لەهێرش و پەلاماری ڕژێمی به‌عس و كیمیاباران كردنی دەڤەرەکە، ژماره‌یه‌كی زۆر لەخه‌ڵكی خۆشه‌ویستی ئه‌و ناوچه‌یه شه‌هید و برینداربوون.
ده‌ڤه‌ری خۆشناوەتی کە هەمیشە شوێنی باره‌گاكانی پێشمه‌رگه بووە و خەڵکی ئازیزی ئەم ناوچەیە ڕۆڵی مەزنیان هەبووە له خزمه‌تكردن و حه‌واندنه‌وه‌ی پێشمه‌رگە و وه‌ك پێشمه‌رگه بەدرێژایی مێژووی پڕسەروەری خەبات و تێکۆشانی گەلەکەمان زه‌حمه‌تییه‌كی یه‌كجار زۆریان دیوە، هیچ كاتێك خزمه‌تكاریی ئەوان بۆ شۆڕش و پێشمەرگە لەبیر ناكرێت و بۆ هەتا هه‌تایە بەزیندووی له بیر و هزری شۆڕشگێڕ و پێشمه‌رگه‌دا ده‌مێنێته‌وە.
ئەم ناوچەیە کە پارچەیەکی ئازیز و خۆشەویستی هەولێرە، وەک هه‌موو ناوچه‌یه‌كی تر سنووری پارێزگاکەمان شایانی ئاوه‌دانكردنه‌وه و بایه‌خپێدانه، بەتایبەتی کە دوای ئەو هەموو کارەسات و وێرانکارییەی دەرهەقی کراوە، ئەمڕۆ بەخۆشحاڵییەوە ئاوه‌دانییه‌كی به‌رچاوی بەخۆیەوە بینیوە، لەگەڵ ئه‌وه‌شدا هێشتا پێویستە خزمەتی زیاتری پێشکەش بکرێت، لێردا وەکو پارێزگای هەولێر دڵنیایی خەڵکی تێکۆشەر و بەئەمەک و قوربانیدەری ئەو دەڤەرە دەکەینەوە، ئه‌وه‌ى له تواناى ئێمه و لەدەستمان بێت بۆ خزمه‌تكردنیان جێبه‌جێى ده‌كه‌ین لە گەیاندنی خزمەتگوزاری و ئاوەدانی زیاتری دەڤەرەکە، چونکە شایسته‌ى هه‌موو خزمه‌تێکن.
دروود و سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کیمیابارانی بالیسان و شێخ وەسان و دۆڵی خۆشناوەتی و سەرجەم شەهیدانی کوردستان
ئومێد خۆشناو
پارێزگاری هەولێر
2022.4.16