سەرۆکی فراکسیۆنی میللەت لە پەرلەمانی کوردستان:پارتی، زامنکەری مافی پێکهاتەکانی کوردستانە

پێکهاتەکانی کوردستان ھەر ھەوڵێک بەمەبەستی دەستکاریکردن و کەمکردنەوەی ڕێژەی کورسی کۆتا لە پەرلەمانی کوردستان رەتدەکەنەوە و دەڵێن، ھەوڵێکە بۆ تێکدانی پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە نێوان پێکھاتەکانی ھەرێمی کوردستان. سەرۆکی فراکسیۆنی میللەت لە پەرلەمانی کوردستان، دەڵێ، پارتی نەبێت پێکھاتەکانیش نابن، چونکە بەردەوام خۆی لە پێکھاتەکان کردۆتە خاوەن، گۆڕینی یاسای ھەڵبژاردن بۆ فرەبازنەیی زەربەیەکی گەورە لە پێکھاتەکان و حزبە بچووکەکان دەدات، ئەوەش وا دەکات کە دەنگی پێویست نەھێنن بۆ بەدەستھێنانی کورسی.

ھەندێک لایەنی سیاسی لەژێر چەندین بیانوو دەیانەوێت کورسی پێکھاتەکان کەم بکەنەوە و پەرتەوازەیان بکەن کە لە پەرلەمانی کوردستان خاوەنی ١١ کورسین، بۆ ئەم مەبەستە پرۆژەیان پێشکەش کردووە، پێکھاتەکانیش پڕۆژەکە بە دژی خۆیان دەبینن.
داوای دەستکاریکردنی یاسای ھەڵبژاردن لەلایەن چەند لایەنێکەوە لە کاتێکدایە کە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ڕۆژی ١ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵی بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری کردووە.
لە یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢ و دواتر لە ساڵی ٢٠٠٩، مافی دەنگدان و بەشداری و ڕێژەی کورسی کۆتای پێکھاتەکان دەقنووس کراوە، نوێنەرانی پێکھاتەکانی تورکمان و کریستیان و ئەرمەن لە پەرلەمانی کوردستان نوێنەرایەتیەکی ڕاستەقینەی سەرجەم ھاووڵاتییانی ئەو پێکھاتە نەتەوەییانە دەکەن، ئەمەش نموونەیەکی پێکەوەژیان و ھەرە بەرز و جوانی ھەرێمی کوردستانە.
ئازاد کورەچی، سەرۆکی فراکسیۆنی میللەت لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ “ھەولێر” دەڵێت:” پەرلەمان ناتوانێت بڕیار بدات، ئەگەر لایەنەکان رێک نەکەون، ھەندێک لایەن تازە بە تازە بە خۆیان کەوتوونە و داوا دەکەن یاسای ھەڵبژاردن ھەموار بکرێتەوە، ئێستاش کاتی نەماوە، دەبووایە ساڵێک پێش ئێستا ئەو کارەیان کردبایە، نەک ئێستا کە کەمتر لە ٦ مانگ ماوە بۆ ئەو کاتەی کە سەرۆکی ھەرێم بۆ ھەڵبژاردن دیاری کردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ئەگەر لایەنەکان لە دەرەوەی پەرلەمان رێککەوتن، لەناو پەرلەمان کێشە نامێنێت، ئەگەر ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا نەکرێت، لەو ماوەی کە دیاری کراوە دوو مانگیش دوا بکەوێت کێشە نابێت، بەڵام تا ئێستا ھیچ شتێک نەکراوە و لە پەرلەمانیش دەنگ لەسەر کۆمیسیۆن نەدراوە، ئەوەش بەو مانایە دێت کە ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ناکرێت.
سەرۆکی فراکسیۆنی میللەت لە پەرلەمانی کوردستان، گوتیشی:” لە کوردستان ھەندێک لایەن دژی پێکەوەژیان و بنەماکانی پێکەوەژیانن، باوەڕیان بە مافی کەمە نەتەوە و ئایینی نییە کە مافێکی یاسایی و دەستووری ڕەوایە، ھەرێمی کوردستان بەھێزترین خاڵی مافی پێکھاتەکانە، چونکە لە ھەموو جیھان پێکھاتەکان بەو مافانە نەگەیشتوونە کە لە ھەرێم ھەیانە، بەڵام بەداخەوە ھەندێک لایەن داوا دەکەن کورسی پێکھاتەکان کەم بکرێتەوە، ئەوە ماف وەرگرتنە لە پێکھاتەکان، ئەوەش بۆ ھەرێمی کوردستان باش نابێت، چونکە ماف زیاد دەکرێت، نەک کەم دەکرێتەوە، ئەگەر دەتانەوێت دەستکاری کورسیی پێکھاتەکان بکەن، زیاد بکەن، نەک کەم بکەنەوە، بۆیە ئەوە قبوڵ ناکەین و ڕێگە بەھیچ لایەنێکی سیاسی نادەین دەستکاری کورسی کۆتاکان بکات و کەس مافی نییە بڕیار لەسەر کورسی ئێمە بدات، بۆیە لەگەڵ فرەبازنەی نینە و بۆ ئێمە باش نابێت، چونکە لە ھەندێک شوێن ژمارەمان کەمە و لە ھەندێک شوێنیش زۆرە، لە یەک بازنەیی دەنگەکانمان دەتوانین کۆبکەینەوە”.
گوتیشی؛ بازنەیی زەربەیەکی گەورەیە، چونکە دەنگی پێکھاتەکان کەمە، بۆ کۆتا دراوەتە پێکھاتەکان چونکە دەنگیان کەمە، دەنگەکانیش پەرت و بڵاوە، ئەگەر فڕە بازنەیی بێت، ئەو کات پێکهاتەکان و حزبە بچووکەکان زەرەر دەکەن”.

ھەواڵی زیاتر