ئۆکرانیا: رێککەوتن کراوە لەسەر کردنەوەی 10 رێڕەوی مرۆیی

جێگری سەرۆک وەزیرانی ئۆکرانیا، ئیرینا ڤیریشوک، ئەوەی ئاشکرا کرد کە رێککەوتن کراوە لە بارەی کردنەوەی 10 رێڕەوی مرۆیی بۆ گواستنەوەی هاووڵاتییانی مەدەنی.

ڤیریشوک، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلیگرام راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و ئەوەی ئاشکرا کردووە کە، ئەمڕۆ شەممە 9ـی نیسنای 2022، 10 رێڕەوی مرۆیی بۆ گواستنەوەی هاووڵاتییان لە ناوچەی پێکدادانەکانەوە بۆ شوێنێکی ئارام دەکرێنەوە.

ناوبراو، ئەوەشی ئاشکرا کردووە، کە ئەو هاووڵاتییانەی دەیانەوێت لە ماریۆپۆڵەوە بچنە زاپۆریژییا، تەنها دەتوانن ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان بەکاربهێنن، ئەوانەیشی دەیانەوێت بچنە بێردیانسک، بە پاس دەنێردرێن.

ڤیریشوک، باسی لەوەشکرد کە رێڕەوە مرۆییەکان لە تۆکماک، ئەنەرگۆدار و مێلیتۆپۆڵەوە بە ئاراستەی زاپۆریژییا کراوە دەبن. بەڵام رێڕەوە مرۆییەکانی شاری لوخانسک و دەوروبەری ئەگەر ئاگربەست لەگەڵ رووسیا رابگەیەندرێت، ئینجا دەکرێنەوە.

ئاگادارکردنەوەی هاووڵاتییان بۆ بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دوێنێ لە ئاکامی ھێرشێکی مووشەکیی ھێزەکانی رووسیا بۆسەر وێستگەیەکی شەمەندەفەر لە شاری کراماتۆرسک سەربە ھەرێمی دۆنێتسک، سەدان هاووڵاتی کە لە وێستگەکە لە چاوەڕوانی گواستنەوە بوون، بریندار بوون و دەیان سڤیل گیانیان لەدەستدا کە چواریان منداڵ بوون.

ھەواڵی زیاتر