شەممە, تشرینی دووه‌م 30, 2024

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق دەکات

ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ـی ئاداری ٢٠٢٢ لە سەلاحەدین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە ماتیو تۆلەر باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.

لە دیدارەکەدا پڕۆسەی سیاسی عێراق و ھەنگاوەکانی پێکھێنانی حکومەتی تازەی عێراق تاوتوێ کران.
ھەر لە دیدارەکەدا باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق وێڕای دووپاتکردنەوەی پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ سەقامگیری ھەرێمی کوردستان و عێراق جەختی لەوە کردەوە کە ئەمەریکا خوازیاری ئەوەیە حکومەتی داھاتووی عێراق حکومەتێکی بەھێز بێت، پێزانینیشی بۆ ڕۆلی سەرۆک بارزانی لە دامەزراندنی هەرێمی کوردستان و عێراقی نوێ و پڕۆسەی سیاسی عێراق ھەبوو.

لە بەشێکی ئەم دانیشتنەدا بیروڕا لە بارەی تەحەدیات و کۆسپەکانی بەردەم پڕۆسەی سیاسی و گوشاری سەر لایەنە سیاسیەکان بۆ سەرنەگرتنی ڕێوشوێنی دەستوری و دیموکراتیەکانی ناو پڕۆسەی سیاسی عێراق ئاڵوگۆڕکران و، لەبارەی قەیرانی سیاسیی عێراق سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند کە بۆ ڕاستەڕێکردنی بارودۆخی عێراق پێویستە ئەنجوومەنی نوێنەران و دامەزراوەکانی تر دوور لە هەر جۆرە گوشارێک بە ئەرکی سرووشتی خۆیان هەڵبستن و بنەماکانی شەراکەت و تەوازون و دەستوور جێبەجێ بکەن.