شەممە, تشرینی دووه‌م 30, 2024

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى لوكسه‌مبوورگ كۆبووه‌وه‌‏

به‌يانيى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2022/3/30 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز ژان ئه‌سيلبۆرن وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى لوكسه‌مبوورگ ‏كرد.‏

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى سياسيى عيراق له‌ سه‌روبه‌ندى ‏دانيشتنى ئه‌مڕۆى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى ‏چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانيان، دۆخى ئێزدييان و ناوچه‌ى شه‌نگال و پێكهاته‌كان له‌ ‏ده‌شتى نه‌ينه‌وا و دۆخى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى كوردستان، تاوتوێ كران.‏

ده‌رباره‌ى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ‏كليلى ئارامى و سه‌قامگيريى عيراق، چاره‌سه‌كردنى كێشه‌كانى نێوان هه‌رێمى ‏كوردستان و حكوومه‌تى فيدراليى عيراقه‌ و هه‌ردوولا ده‌بێ به گفتوگۆ و له‌سه‌ر ‏بنه‌ماى ده‌ستوور، ڕێگه‌چاره‌ بۆ نه‌هێشتنى كێشه‌كان بدۆزنه‌وه‌.‏

لاى خۆيه‌وه‌ به‌ڕێز وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى لوكسه‌مبوورگ، وێڕاى ئاماژه‌دان به‌ سه‌ختى و ‏ته‌حه‌دييه‌كانى سه‌رده‌مى شه‌ڕى دژى داعش له‌ هه‌رێمى كوردستان، پشتگيرىی ‏وڵاته‌كه‌ى له‌گه‌ڵ وڵاتانى ئه‌ورووپا بۆ هه‌رێمى كوردستان و بايه‌خدانى وڵاته‌كه‌ى به‌ ‏پرسى پێكهاته‌كان و دۆخى ئێزدييان به‌تايبه‌تى دووپات كرده‌وه‌ و باسى له‌ پلانى ‏خۆى بۆ سه‌ردانى كه‌مپه‌كانيان كرد.‏

كاريگه‌رييه‌كانى شه‌ڕ له‌ ئۆكراينا ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو، تيايدا سه‌رۆك ‏نێچيرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ ‌كه‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌موو لايه‌ك زياتر ‏هه‌ست به‌ ئازارى شه‌ڕ و ئاواره‌يى و نه‌هامه‌تييه‌كانى جه‌نگ ده‌كات، بۆيه‌ هاوسۆزى ‏خه‌ڵكى ئۆكراينا و قوربانييه‌كانه‌ و هيوا ده‌خوازێت كۆتايى به‌ جه‌نگ بێت و ‏لايه‌نه‌كان ئاشتيانه‌ له‌ ڕێگه‌ى گفتوگۆوه‌ كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن.‏‏ ‏

گفتوگۆكانى ڤيه‌ننا و دۆسييه‌ى ئه‌تۆمى، دۆخى سووريا و لێكه‌وته‌كانى و دوايين ‏پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.‏