ئەمڕۆ سێشەممە نایف كوردستانی لە دانپێدانینێكی ڤیدیۆییدا باسی هۆكاری بڵاوكردنەوەی تویتەكەی دەكات لە دژی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعی لە نەجەف و بەفەرمی داوای لێبووردنی كرد.
لە دانپێدانانێكی ڤیدیۆییدا، نایف كوردستانی باسی هۆكاری تویتەكەی و پەیوەندی بە پارتییەوە دەكات و رایدەگەیەنێت “ئەم تویتەی بڵاوم كردەوە كاردانەوەی من بوو بەرانبەر پارتی دیموكراتی كوردستان لەبەر سێ هۆكار، هۆكاری یەكەم دۆڕاندم لە هەڵبژاردنی 2018ی پەرلەمانی عێراق كە كاندید بووم، هۆكاری دووەمیش دوورخستنەوەم بوو لە كارەكەم لە زانكۆی مووسڵ بەتۆمەتی بڵاوكردنەوەی بیری رەگەزپەرستی، هۆكاری سێیەمیش پشتگوێخستنم بوو لەلایەن چەند بەرپرسێكی پارتییەوە”.
هەروەها دەڵێ تویتەكەم لە دژی بەڕێز سیستانی، راستەوخۆ دەرەنجامی گوشاری چەند كەسایەتییەكی یەكێتی و حەشدی وەلائی بووە، لەوانەش ئەبو ئەدهەم كە لە بەغدا ئەفسەرە، هەروەها شێخ محەمەد تەمیمی و ئیبن ئەلحەشد ئەلمقاویم لە حەشدی وەلائی، بەهەمان شێوە لە دەرەنجامی گوشاری چەند كەسێكی یەكێتییش بوو، لەوانە لەیلا ڕێكانی ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە لیستی یەكێتی و چەند كادیرێكی تری ئەو حزبە.
نايف كوردستانی هەروەها ئاماژەی بەوە كردووە گرووپێكی یەكێتی و حەشد راستەوخۆ گوشاریان لەسەر كردووە تا ئەو تویتە بڵاو بكاتەوە و ئامانجیشیان ئەوە بووە كە پەیوەندیی پارتی و هێزەكانی عەرەبی شیعە تێكبدەن، بەتایبەتییش تێكدانی هاوپەیمانیی پارتی و رەوتی سەدر و سیادە.
لە كۆتاییشدا دەڵێ “من داوای لێبووردن لە مەرجەعی بەڕێزی نەجەف دەكەم و زۆر پەشیمانم لەو تویتەی بڵاوم كردەوە”.