چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

مه‌سرور بارزانی له‌ دوبه‌ی: ده‌ستوور روونیكردووه‌ته‌وه‌ مافه‌كانمان چین و پارێزگارییش له‌و مافانه‌ ده‌كه‌ین

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ میانی به‌شداریكردنی له‌ پانێڵێكی تایبه‌ت له‌ لووتكه‌ی حكومه‌ته‌كان له‌ دوبه‌ی له‌ باره‌ی هێرشی مووشه‌كییه‌كان رایگه‌یاند، ئێمه‌ قوربانی بووین بۆ ئه‌م جۆره‌ هێرشه‌ له‌ لایه‌نی جیاواز و یاریكه‌ری جیاوازه‌وه‌، ئه‌و جاره‌ش ئه‌و مووشه‌كانه‌ی ئاراسته‌ی هه‌ولێر كران، هیچ بنه‌مایه‌كیان نه‌بوو، شوێنی هاووڵاتییه‌كی ئێمه‌یان كردبووه‌ ئامانج، بۆ ئه‌وه‌ی پاساوێك بدۆزنه‌وه‌، ئه‌وان ئاماژه‌یان به‌وه‌ كرد، كه‌ پێگه‌یه‌كی ئیسرائیلیان كردووه‌ته‌ ئامانج، ئه‌مه‌ راست نییه‌، به‌دڵنییاییه‌وه‌ ئیسرائیل به‌شێك نییه‌ له‌ هێرشه‌كه‌.

له‌ سه‌ره‌تای قسه‌كانی، سه‌رۆكی حكومه‌ت گوتی: “له‌ هه‌رێمه‌ جیاوازه‌كان، خه‌ڵك پێناسه‌ی جیاوازیان بۆ مه‌ترسی هه‌یه‌، ئایا جیهان بۆ هه‌مووان مه‌ترسیداره‌، پرسیاره‌كه‌ له‌كێ ده‌كه‌یت ئه‌وه‌ گرنگه‌. به‌دڵنیاییه‌وه‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر بوونی هه‌مووان هه‌یه‌، ئه‌مه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ئاسته‌نگه‌ ئاسایشییه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌مانه‌ هه‌مووی ئاسته‌نگن، پێویسته‌ له‌كاته‌ جیاوازه‌كان رووبه‌ڕووی ببینه‌وه‌، ئه‌وانه‌ی یاریزانه‌كانن، ده‌بێت خوێندنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ بكه‌ن، ئایا ده‌یانه‌وێت چی بكه‌ن و نیازیان چییه‌، ئێمه‌ ئه‌وه‌ ده‌زانین له‌ هه‌رێمه‌كه‌مان ده‌ستوه‌ردانی زۆر هه‌یه‌، به‌داخه‌وه‌، هه‌ندێك كات دادپه‌روه‌ری و كوالیتی ده‌بینین، كاردانه‌وه‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش زۆربه‌ی كاته‌كان مه‌ترسی درووست ده‌كات”.

مه‌سرور بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئێمه‌ به‌رده‌وام له‌ مه‌ترسیدا بووین، ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ تێكچوونی ئاسایش له‌ جیهان، ئاستی مه‌ترسی له‌ ناوچه‌كه‌ زیاتر بووه‌، خه‌ڵك هه‌ژار ده‌بن، له‌سه‌رهه‌ڵدانی گرووپه‌ تیرۆریستییه‌كان، هه‌ندێك خه‌ڵك هاوكاری تیرۆریستانیان كرد، كه‌ پێیانوابوو نادادپه‌روه‌ری هه‌یه‌، سته‌مكاری له‌ ناوچه‌كانیان هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌، خه‌ڵك به‌مشێوه‌یه‌ مامه‌ڵه‌ بكات، ئه‌مه‌ له‌هه‌مانكاتدا بۆ وڵاته‌كانیش راسته‌، وڵاتان به‌دوای‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیاندا ده‌گه‌ڕێن، كێ سوودمه‌ند ده‌بێت، ره‌نگه‌ بۆ وڵاتێك سوودمه‌ند بێت، به‌ڵام بۆ وڵاتێكی دیكه‌ مه‌ترسی بێت، بۆیه‌ پێناسه‌ی مه‌ترسی له‌ ناوچه‌یه‌كه‌وه‌ بۆ ناوچه‌یه‌كی دیكه‌ ده‌گۆڕێت، به‌ڵام ده‌كرێت له‌ جیهان به‌رده‌وام مه‌ترسی هه‌بێت؛ ئه‌گه‌ر ئه‌كته‌ره‌كان كۆنترۆڵ نه‌كرێن”.

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، روونیشیكرده‌وه‌، ئه‌و هێرشانه‌ی له‌و ماوه‌یه‌دا كرا، ده‌یانویست له‌ رووی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ بیكه‌نه‌ پاساو، ئێمه‌ داوامان كردووه‌، لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی نێوده‌ڵه‌تی بكرێت، داوامان له‌ حكومه‌تی فیدراڵی و په‌رله‌مانی عێراقیش كردووه‌، ته‌نانه‌ت داوامان له‌ ئێرانییه‌كانیش كردووه‌، به‌خۆیان بێن و ببینن، كه‌ ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی هه‌یه‌، راسته‌ یان نا، به‌دڵنیاییه‌وه‌ هیچ بنه‌مایه‌كیان نییه‌، به‌ڵام تێده‌گه‌ین ئه‌مه‌ گوشارێكه‌ له‌سه‌رمان.

سه‌باره‌ت به‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ی نوێیه‌ی له‌ گۆڕه‌پانی سیاسی عێراق هه‌یه‌ بۆ دروستكردنی حكومه‌تێكی نوێ و جیاواز له‌ رابردوو، مه‌سرور بارزانی، گوتی: “ئێمه‌ بۆ داهاتوو ده‌ڕوانین و ده‌مانه‌وێت حكومه‌تێكی له‌ به‌غدا دروست بكه‌ین، پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ به‌و شێوازه‌ نه‌بووه كه‌ ئه‌وان ده‌یانه‌وێت، بۆیه‌ ئه‌مه‌ گوشاری سیاسین له‌سه‌ر ئه‌ندامانی ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌تییه‌ی هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بكشێنه‌وه‌، تا ئه‌وان كاریگه‌ری خۆیان له‌سه‌ر عێراق زیاتر بكه‌ن، بۆیه‌ له‌ رووی بنچینه‌ییه‌وه‌ ئه‌وه‌ی هه‌یه‌، یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی ئه‌و هێرشانه‌ ئه‌وه‌یه‌، تا هۆشداریمان پێبده‌ن”.

گوتیشی: “ئێمه‌ یه‌كێكین له‌و ناوه‌ندانه‌ی دابینكردنی وزه‌، نه‌ك ته‌نیا بۆ هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵكو بۆ ته‌واوی ئه‌وروپا و جیهان، ئێمه‌ زیاتر نه‌وت ده‌دۆزینه‌وه‌ و هه‌وڵی گه‌شه‌پێدانیان ده‌ده‌ین، ئه‌مه‌ش شتێكه‌، ره‌نگه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئێرانییه‌كان نه‌بێت، ئه‌مه‌ش ده‌كرێت هۆكارێكی دیكه‌ بێت، به‌ڵام ئێمه‌ هه‌وڵی خۆمان خستووته‌ گه‌ڕ و به‌لانی كه‌م بتوانین ئه‌م كه‌موكوڕییانه‌ پڕبكه‌ینه‌وه‌، كه‌ له‌ جیهان هه‌یه‌”.

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، نه‌ك ته‌نیا به‌ هێرشی مووشه‌كی هه‌وڵی وه‌ستانی ئێمه‌ ده‌ده‌ن، به‌ڵكو دامه‌زراوه‌كانیش خراپ به‌كارده‌هێنن، هه‌وڵ ده‌ده‌ن رێگریمان لێبكه‌ن، له‌و كاره‌ی پێمانوایه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی ته‌واوی هه‌رێمه‌كه‌ و عێراق و ته‌نانه‌ت جیهانیش دایه‌.

مه‌سرور بارزانی، دووپاتی له‌وه‌شكرده‌وه‌، له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵی له‌دانووستان داین، دانووستان له‌گه‌ڵ وه‌زیری نه‌وت ده‌كه‌ین، ده‌مانه‌وێت مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی خۆمان بپارێزین، ده‌ستوور روونیكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ مافه‌كانمان چین و چۆن ده‌بێت مامه‌ڵه‌ بكه‌ین، حكومه‌تی عێراقیش ئه‌وه‌ ده‌زانێت، كه‌واته‌ ئه‌مه‌ هیچ په‌یوه‌ندی به‌ ده‌ستوور نییه‌، واتا په‌یوه‌ندی به‌ یاسایی بوونی پرۆسه‌كه‌ نییه‌، ئه‌مه‌ بڕیارێكی سیاسییه‌، له‌لایه‌ن كه‌سانی سیاسیی هه‌ڵبژێردراو ئه‌نجام دراوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی گوشارمان بخه‌نه‌ سه‌ر.

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ چوارچێوه‌ی قسه‌كانیی گوتیشی: “ده‌بێت ئه‌وه‌ روونبكه‌ینه‌وه‌ له‌كوێ و بۆ كوێ مامه‌ڵه‌ به‌ نه‌وت ده‌كه‌ین، له‌ ده‌ستوور مافه‌كان به‌ زه‌قی و روونییه‌وه‌ دیارن، واتا ئێمه‌ ده‌زانین ده‌توانین چی ئه‌نجام بده‌ین و چی ئه‌نجام نه‌ده‌ین، ئێمه‌ یاسایه‌كیشمان هه‌یه‌، كه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ له‌ ساڵی 2007ـه‌وه‌ ده‌رچووه‌ و ده‌نگی له‌سه‌ر دراوه‌، تا ئێستا ئه‌و یاسایانه‌ی هه‌ن، هی سه‌رده‌می رژێمی پێشوون، هی ساڵانی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردوون، واتا كێشه‌یه‌ك له‌نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و فیدراڵی هه‌یه‌، سه‌ره‌ڕای گۆڕانكاری ده‌ستوور، هه‌ندێك یاسا نه‌گۆڕاون، هه‌وڵمان داوه‌ ئه‌و یاسایه‌ هه‌موار بكه‌ینه‌وه‌”.

روونیشی كرده‌وه‌، هه‌وڵدراوه‌ یاساكان هه‌موار بكرێنه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ نه‌كراوه‌، كه‌واته‌ دامه‌زراوه‌یه‌كی نایاسایی ده‌ستوور وه‌لاده‌نێت، له‌به‌رامبه‌ریشدا دامه‌زراوه‌یه‌ك هه‌یه‌، به‌ ده‌ستوور مامه‌ڵه‌ی كردووه‌، كه‌واته‌ كێ خه‌تاباره‌، ئه‌وان به‌ نایاسایی بڕیار له‌سه‌ر ئێمه‌ ده‌ده‌ن، كه‌ ته‌واو بڕیاری ده‌ستووری و یاسایین، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا لێكدانه‌وه‌مان بۆ پارێزه‌ر و دادگا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كردووه‌، ئه‌وان هه‌ر له‌ ده‌ستپێكه‌وه‌ ئاماژه‌یان‌ به‌وه‌ كردووه‌، كه‌ ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامی ده‌دات، هیچ بنچینه‌یه‌كی نایاسایی نییه‌، دڵنیاییمان داوه‌ به‌و هاوبه‌شانه‌ی بازرگانیمان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن، ئه‌و دامه‌زراوانه‌ی له‌ كوردستان مامه‌ڵه‌ به‌ نه‌وت ده‌كه‌ن، حكومه‌تی هه‌رێم رێز له‌و رێككه‌وتنانه‌ ده‌گرێت، كه‌ له‌گه‌ڵ هاوه‌ڵاكانمان واژۆمان كردووه‌.

سه‌باره‌ت به‌ رۆڵی ئه‌مه‌ریكا، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتی: “ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا هاوه‌ڵی زۆر باشن، ئه‌وان له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوو هاوكارییان كردووین، خوازیارین به‌رده‌وام بن، به‌دڵنیاییشه‌وه‌ ئێمه‌ پاڵپشتی هه‌ر هه‌وڵێكی ئاشتی ده‌كه‌ین، به‌ڵام نامانه‌وێت ئاشتی له‌گه‌ڵ لایه‌نێك له‌سه‌ر ‌به‌رژه‌وه‌ندی ئاسایش و سسه‌قامگیریی لایه‌نێكی دیكه‌ بێت، ئێمه‌ خوازیارین ئه‌مه‌ریكا، كه‌ هاوڵی زۆریان له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هه‌یه‌، پێویسته‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌سه‌ر بنچینه‌ی رێزی به‌رامبه‌ر بن، له‌هه‌مانكاتدا رێز له‌ به‌ها و به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌ردوولایان بێت”.