مه‌سرور بارزانی له‌ دوبه‌ی: داوامان كردووه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی نێوده‌ڵه‌تی له‌ هێرشه‌ مووشه‌كییه‌كانی سه‌ر هه‌ولێر بكرێت 

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ میانی به‌شداریكردنی له‌ پانێڵێكی تایبه‌ت له‌ لووتكه‌ی حكومه‌ته‌كان له‌ دوبه‌ی له‌ باره‌ی هێرشی مووشه‌كییه‌كان رایگه‌یاند، ئێمه‌ قوربانی بووین بۆ ئه‌م جۆره‌ هێرشه‌ له‌ لایه‌نی جیاواز و یاریكه‌ری جیاوازه‌وه‌، ئه‌و جاره‌ش ئه‌و مووشه‌كانه‌ی ئاراسته‌ی هه‌ولێر كران، هیچ بنه‌مایه‌كیان نه‌بوو، شوێنی هاووڵاتییه‌كی ئێمه‌یان كردبووه‌ ئامانج، بۆ ئه‌وه‌ی پاساوێك بدۆزنه‌وه‌، ئه‌وان ئاماژه‌یان به‌وه‌ كرد، كه‌ پێگه‌یه‌كی ئیسرائیلیان كردووه‌ته‌ ئامانج، ئه‌مه‌ راست نییه‌، به‌دڵنییاییه‌وه‌ ئیسرائیل به‌شێك نییه‌ له‌ هێرشه‌كه‌.

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، روونیشیكرده‌وه‌، ئه‌و هێرشانه‌ی له‌و ماوه‌یه‌دا كرا، ده‌یانویست له‌ رووی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ بیكه‌نه‌ پاساو، ئێمه‌ داوامان كردووه‌، لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی نێوده‌ڵه‌تی بكرێت، داوامان له‌ حكومه‌تی فیدراڵی و په‌رله‌مانی عێراقیش كردووه‌، ته‌نانه‌ت داوامان له‌ ئێرانییه‌كانیش كردووه‌، به‌خۆیان بێن و ببینن، كه‌ ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی هه‌یه‌، راسته‌ یان نا، به‌دڵنیاییه‌وه‌ هیچ بنه‌مایه‌كیان نییه‌، به‌ڵام تێده‌گه‌ین ئه‌مه‌ گوشارێكه‌ له‌سه‌رمان.