میدیاكانی ئیمارات به‌ گرنگییه‌وه‌ باس له‌ سه‌ردانه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی ده‌كه‌ن

میدیاكانی ئیمارات به‌ گرنگییه‌وه‌ باس له‌ سه‌ردانه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌و وڵاته‌ و ناوه‌ڕۆكی دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئیمارات ده‌كه‌ن.

له‌ راپۆرتێكدا ئاژانسی هه‌واڵی ئیمارات “وام” بڵاویكرده‌وه‌، به‌ڕێز شێخ محه‌مه‌د بن راشد ئال مه‌كتوم، جێگری سه‌رۆكی ده‌وڵه‌ت و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و حاكمی دوبه‌ی پێشوازیی له‌ پایه‌به‌رز مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كرد.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، له‌ دیداره‌كه‌دا گفتوگۆ له‌باره‌ی میكانیزمه‌كانی به‌هێزكردنی هاوكاریی نێوان ئیمارات و عێراق كرا، به‌تایبه‌ت هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌موو بواره‌ جیاوازه‌كانی گه‌شه‌پێداندا و تاوتوێ هه‌وڵه‌كانی گه‌شه‌پێدان و بونیادنانه‌وه‌ی هه‌ردوو وڵات كرا.

به‌گوێره‌ی ئاژانسی واع، له‌و دیداره‌دا محه‌مه‌د بن راشد پێشوازیی له‌ قووڵكردنه‌وه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ برایانه‌یه‌ كرده‌وه‌، كه‌ عێراق و ئیمارات به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ و مه‌سرور باروانی و محه‌مه‌د بن راشد دید و بۆچوونیان له‌باره‌ی ته‌واوی پرسه‌ جیاوازه په‌یوه‌ندیداره‌كانی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییان ئاڵوگۆڕ كرد، به‌تایبه‌ت ئه‌و بابه‌تانه‌ی جێگه‌ی گرنگیپێدانی هه‌رێمی كوردستان و وڵاتی ئیماراتن.

لای خۆیه‌وه‌ مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان خۆشحاڵی خۆی به‌ دیداری له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیمارات نیشاندا و جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ كرده‌وه‌، كه‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان به‌ وڵاتی ئیماراته‌وه‌ ده‌به‌ستنه‌وه‌ و هیوای خواست، له‌ قۆناغی داهاتوودا هاوكاری زیاتر له‌ سه‌رجه‌م كه‌رته‌ سه‌ره‌كییه‌كان له‌نێوانیان بێنه‌ ئاراوه‌.

له‌ دیداره‌كه‌دا هه‌ریه‌ك له‌ شێخ حەمدان بن محەمەد بن راشد جێنشینی دوبەی و شێخ مەکتووم بن محەمەد بن راشد جێگری حاکمی دوبەی و جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی و ژمارەیەکی دیکەی بەرپرسانی باڵای ئیمارات ئامادە بوون.

دیداری مه‌سرور بارزانی و محه‌مه‌د بن راشد
دیداری مه‌سرور بارزانی و محه‌مه‌د بن راشد

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنیی “شارقه‌24” له‌ راپۆرتێكدا مه‌سرور بارزانی به‌ پایه‌به‌رز ناوده‌بات و له‌باره‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ ئیمارات و دیداری له‌گه‌ڵ دكتۆر سوڵتان بن محه‌مه‌د ئه‌لقاسمی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی باڵا و حاكمی شاریقه‌ و سه‌رۆكی زانكۆی ئه‌مه‌ریكی رایگه‌یاند، حاكمی شاریقه‌ به‌ دیداره‌كه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دڵخۆشبوو و هیوای میواندارییه‌كی زۆر باشی له‌ وڵاته‌كه‌ی بۆ خواست.

سه‌ردانی مه‌سرور بارزانی بۆ ئیماره‌تی شاریقه‌
سه‌ردانی مه‌سرور بارزانی بۆ ئیماره‌تی شاریقه‌

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌و دیداره‌، نووسینگه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی شاریقه‌ نووسیویه‌تی، له‌ دیداره‌كه‌یاندا هه‌ریه‌ك له‌ مه‌سرور بارزانی و حاكمی شاریقه‌ گفتوگۆیان له‌باره‌ی پرسه‌ هاوبه‌شه‌كان له‌ بواره‌كانی فێركردن، رۆشنبیری، گه‌شه‌پێدان و بواره‌كانی دیكه‌ كرد و جه‌ختیان له‌سه‌ر به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندی و هاوكارییه‌كانی نێوانیان كرده‌وه‌.

له‌ كۆتایی دیداره‌كه‌شدا مه‌سرور بارزانی و حاكمی شاریقه‌ دیاری و یادگارییان ئاڵوگۆڕكرد.

مه‌سرور بارزانی و حاكمی شاریقه‌
مه‌سرور بارزانی و حاكمی شاریقه‌