بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی کوردستان فراکسیۆنی پارتی دەستپێشخەری دەکات

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، دەستپێشخەری ئەوەیان کردووە، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی کوردستان وەکخۆی کارا بکرێتەوە، بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان لە 1/10/2022 بەڕێوەبچێت.

زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: “وەک نوێنەری پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، جارێکی دیکە جەختدەکەینەوە، پێویستە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا لە 1ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ بەڕێوەبچێت”.

گوتیشی: “بەهیچ شێوەیەک زۆرینەی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بەکارناهێنین”.

سەبارەت بە ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، ئاماژەی بەوەدا: “مەرسومی سەرۆکایەتی هەرێم دەرچووە، هەروەها سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی راسپاردووە، بۆ ئەوەی پێداویستییە لۆجستی و داراییەکان بۆ هەڵبژاردن ئامادە بکەن، ئەوەی کە ماوەی گرفتی یاسایی کۆمسیۆنە، ئەمەشیان ئەرکی پەرلەمانی کوردستانە”.

راشیگەیاند: “وەک فراکسیۆنی پارتی لە کۆبوونەوەکانی رابردوودا لەگەڵ فراکسیۆنەکان داوامان کردووە، لەسەر ئیستحقاقی هەڵبژاردن هاوشێوەی ساڵی 2014، ئێستا لەسەر بەرکەوتەی لایەنەکان لە هەڵبژاردن کۆمسیۆن دروستبکرێت، بەڵام لەپێناوی ئەوەی کە هەڵبژاردن لە 1/10/2022 بەڕێوەبچێت، دەستپێشخەریەکی دیکەمان کردووە، کە ئەو کۆمسیۆنەی هەیە وەکخۆی کارا بکرێتەوە، دواتر ئەو بۆشاییەی پارتی لە کۆمسیۆن هەیەتی پڕی بکاتەوە”.

زانا مەلا خالید، ئەوەشی خستەڕوو: “وەک فراکسیۆنی پارتی دەسەڵاتی تەواوی جەنابی سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتی پارتی-مان هەیە بۆ هەموو بڕیارێک لەسەر ئەو بابەتە”.

باسی لەوەشکرد: “راستە تائێستا زۆرینەی پەرلەمانیمان بەکارنەهێناوە، بەڵام مانای ئەوە نییە کەسانێک بتوانن پەرلەمان و دانیشتنەکانی پەکبخەن، وەکو یەک لەسەر سێی پەرلەمانی عێراق، لە کۆی 16 فراکسیۆنی پەرلەمان 11 فراکسیۆن لەگەڵ ئەوەین یاسای هەڵبژاردن وەکوخۆی بمێنێتەوە و دەستکاری نەکرێت، 5 فراکسیۆن گۆڕانکاری لە یاسای هەڵبژاردنەکان بکرێت، لەناویاندا تەنها فراکسیۆنی گۆڕان ساڵێک پێش ئێستا پڕۆژەیەکی هەبوو بۆ گۆڕانکاری لە یاسای هەڵبژاردن. ئێستا تەنها چوار رۆژمان لەپێش ماوە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن کارا بکەینەوە و تا لە 1ی ئۆکتۆبەر هەڵبژاردن بکرێت، تائێستا هیچ کام لە فراکسیۆنەکانی دیکە هیچ پڕۆژەیەکیان لەوبارەوە پێشکەش نەکردووە”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: “لەسەر پێشنیازی فراکسیۆنەکانی دیکە فراکسیۆنی پارتی دەستپێشخەری ئەوەی خستووەتەڕوو، کە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان وەکخۆی کارا بکرێتەوە، بەڵام دەبێ خەڵک ئەوە بزانێت تا کۆبوونەوەی پەرلەمان نەکرێت، ناتوانین کۆمسیۆن کارا بکەینەوە، بۆیە دەبێ لەم چوار رۆژەی لە پێشمانە، لە دەسەڵاتی سەرۆکی پەرلەمانە راگەیەندراوێک بڵاوبکاتەوە کە لە 48 کاتژمێردا کۆبوونەوەی پەرلەمان دەکرێت و بانگهێشتی پەرلەمانتاران بکات بۆ کۆبوونەوەکە، دواتر لە دەستەڵاتی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانە بڕگە و بابەتەکان بخاتە بەرنامەی کار، تائێستاش ئەوە نەکراوە، تەمەننا دەکەین سەرۆکی پەرلەمان بەو ئەرکە یاساییەی خۆی هەڵسێت”.